ئیسرائیل.. ویتكۆف ستایشی ناتانیاهۆ ده‌كات و کەسوکاری بارمتەکانیش گاڵته‌ی پێده‌كه‌ن

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم کەسوکاری بارمتەکان ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ده‌كات؛ هاوكات کەسوکاری بارمتەکان له‌ دژی ناتانیاهۆ دروشمی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ڵێنه‌وه‌.

شەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، هه‌ر سێ نێرده‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا (ستیڤ ویتکۆف، جارد کوشنەر و ئیڤانکا ترەمپ)، سەردانی تەلەئڤیڤی پایته‌ختی ئیسرائیلیان کرد و وتیکۆڤ قسەی بۆ کەسوکاری بارمتەکان لە ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند، هەموو بارمتەکانی غه‌ززه‌ دەگەڕێنینەوە. ئاماژەی بەوەش دا، ترەمپ بەسەر هەموو ئەو ئاستەنگانەی بەردەم ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زاڵ بوو و وایکرد ئاگربەستی غەززە ئاسان بێت.

هەروەها نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: سەرۆكی هه‌ر له‌ تورکیا، میسر و قەتەر و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ئاگربەستی غەززە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو. هاوکات لە کاتی ناوهێنانی ناتانیاهۆدا له‌ لایه‌ن ویتكۆفه‌وه‌، کەسوکاری بارمتەکان قسەکانیان پێی بڕی و دروشم دژی ناتانیاهۆیان گوته‌وه‌. 

هاوکات جارد کوشنەر له‌ گوته‌یه‌كدا جه‌ختی كرده‌وه‌، ترەمپ ویستێکی زۆری بۆ سەقامگیری، ئاشتی و خۆشگوزەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. دەشڵێت: "دەبێت جیهان بکەینە شوێنێکی سەلامەتتر."

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی چاودێریکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگیی مەدەنی و سەربازی سەردانی کەرتی غەززەیان کرد.

ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل

ڕۆژی پێنجشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە جێبەجێ کرا، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە لەمەودوا ڕۆژانە ڕێگە بە گەیشتنی 600 بارهەڵگری هاوکارییەکان بۆ نێو کەرتی غەززە دەدەرێت.

بەگوێرەی پلانەکەی ترەمپ، لە بەرانبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، حکوومەتی ئیسرائیل 250 فەڵەستینی کە سزای زیندانی تاهەتاییان بەسەر سەپێندراوە لەگەڵ 1700 کەسی دیکەی دانیشتووی کەرتی غەززە، کە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستگیراون، ئازاد دەکرێن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment