ترەمپ گەیشتە لووتکەی شرم شێخ

سەرۆکی میسر لە شرم شێخ پێشوازی لە سەرۆکی ئەمەریکا کرد و گوتی: ئەو لووتکە یەک پەیامی هەیە ئەویش کۆتاییهێنانە بە شەڕ و پێشوازیکردنە لە ئاشتی, هاوکات سەرۆکی ئەمەریکاش دەڵێت: ئەگەر بۆمببارانکردنی ئێران نەبووایە، ئێستا شتێک نەبوو بە ناوی ئاگربەستی غەززە.

دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە مەبەستی بەشداریی کردن لە لووتکەی شرم شێخ گەیشتە میسر و لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی ئەو وڵاتە پێشوازی لێکرا.

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر گوتی: لە شرم شێخ ئەو هەموو سەرکردانە یەک دەگرنەوە کە دەتانەوێت شەڕی غەززە کۆتایی بێت، دەشڵێت: ئێمە لێرە یەک پەیاممان هەیە، ئەویش کۆتاییهێنانە بە شەڕ و پێشوازیکردنی ئاشتییە.

هاوکات ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد لە پێناو ئەو دەستکەوتەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستیان هێناوە، دەشڵێت: ئەوەی ئێستا گرنگە پتەوکردنی ئاگربەستی غەززە و جێبەجێ کردنی قۆناغەکان و پابەندبوونە بە ئاگربەستەکە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش گوتی: سیسی سەرکردەیەتی مەزنە و ئەمەریکا هەمیشە پشتیوانی دەکات و وڵاتەکەی لە ئاگربەستی غەززە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو.

سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسێکدا ڕایگەیاند، ئەگەر ئەوان هێرشیان نەکردبایە سەر ئێران، ئەوا ئاگربەستی غەززە ڕانە دەگەیندرا، ئاماژەشی دا، بە بڕوای ئەو قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە دەستی پێ کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی زیارتر لە 20 وڵات لەبارەی ئاگربەستی غەززە بەریوە بچێت، هەروەها پێشتر هەریەکە لە سەرۆکەکانی، فەرەنسا، تورکیا، ئوردن، ئیتاڵیا، بەریتانیا، میری قەتەر و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە گەیشتبوونە شوێنی بەڕێوەچوونی لووتکەکە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment