ئیسرائیل بڕیاریدا دەروازەی ڕەفح بە کراوەیی بهێڵێتەوە

دوای گەڕاندنەوەی ڕوفاتی چوار بارمتە، ئیسرائیل بڕیاریدا دەروازەی ڕەفح بە کراوەیی بهێڵێتەوە.

کەناڵی گشتیی ئیسرائیل "کان" ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڕایگەیاند، دوای گەڕاندنەوەی ڕوفاتی چوار بارمتەی دیکە، ئیسرائیل بڕیاریداوە بەردەوام بێت لەسەر کردنەوەی دەروازەی ڕەفح و ڕێگەدان بە چوونی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل لەو ڕێوشوێنانە پاشگەز بووەتەوە کە پلانی بۆ سزادانی حەماس دانابوو، دیارترینیان کەمکردنەوەی ژمارەی بارهەڵگرەکانی هاوکاریی بوو بۆ نیوە. بڕیارە ئەمڕۆ 600 بارهەڵگری فریاگوزاری لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە بچنە ناو کەرتی غەززە.

لە بنەڕەتدا، بڕیاری کەمکردنەوەی هاوکارییەکان وەک کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بەوەی ئیسرائیل بە "پێشێلکاریی حەماس" لە ڕێککەوتنی ئاگربەستدا ناوی دەبرد، بەهۆی دواکەوتنی گەڕاندنەوەی تەرمەکان.

سەرەڕای ئەم هەنگاوە، گەڕاندنەوەی تەواوی ڕوفاتی بارمتەکان هێشتا وەک یەکێک لە خاڵە هەڵپەسێردراو و ئاڵۆزەکانی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ماوەتەوە، کە زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە.

دوێنێ سێشەممە، حەماس ڕوفاتی دوو بارمتەی دیکەی ڕادەستی ئیسرائیل کردبوو. 

تا ئێستا، بزووتنەوەی حەماس تەرمی هەشت بارمتەی ڕادەست کردووەتەوە، لە کاتێکدا هێشتا لانیکەم 19 بارمتەی دیکە بە مردوو دادەنرێن و چارەنووسی یەکێکی دیکەیان نادیارە.

 
 
Fly Erbil Advertisment