ئەحمەد شەرع سەردانی ڕووسیا دەکات

بە مەبەستی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی مۆسکۆ بکات.
سەرۆکایەتیی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ ڕۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا سەردانی ڕووسیا دەکات و ئامانجی سەردانەکەش پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و مۆسکۆ دەبێت لەگەڵ تاتوێی باردۆخی ناوچەکە و سەقامگیریی سووریا.
ئەم سەردانە دەبێتە یەکەم سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ ڕووسیا. بەرپرسێکی حکوومەتی ئێستای سووریا، ئەجێندای سەردانەکەی شەرعی بۆ مۆسکۆ ئاشکرا کردووە، کە پرسی مانەوەی سەرباز و بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لەگەڵ ڕادەستکردنەوەی بەشار ئەسەد، بە حکوومەتی ئێستای سووریا لەخۆ دەگرێت.
سەرۆکی سووریا چەند کاتژمێرێک بەر لە سەردانەکەی لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی"سی بی سی" ئەمەریکی باسی لە نیازی وڵاتەکەی کرد، بۆ داواکردنەوەی بەشار ئەسەد لە ڕووسیا و دادگاییکردنی، بەڵام بێ ئەوەی هیچ ئاڵۆزی و گرژییەک لەنێوان ڕووسیا و سووریا دروست بێت.
دوای نزیکەی 14 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ، دواجار هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە 8ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024ـە، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا هێنا.