سەرۆکایەتی کۆماری ئێران: چالاککردنی میکانیزمی سزاکان بە واتای گەڕانەوەی گەمارۆکان دێت

محەممەد مەهدی تەباتەبایی، یاریدەدەری کاروباری ڕاگەیاندن لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئێران، دووپاتی کردەوە، ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵە نەبووە. ڕایگەیاند، گەمارۆکان خراپن و چالاککردنی "میکانیزمی گەڕانەوەی سزا کان" (snapback mechanism) بە واتای گەڕانەوەیە بۆ هەمان ئەو بارودۆخەی کە پێش ڕێککەوتنەکە لە ئارادابوو.

تەباتەبایی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئێس ئێن ئێن تیڤی" ڕوونیکردەوە، وڵاتەکەی ئێستا لە بواری ئەتۆمیدا لە پێگەیەکی باشتردایە و گوتی: "ڕێککەوتنەکە ڕێگەی پێداین بۆ ماوەی 10 ساڵ گەمارۆکان هەڵبگرین، بەڵام نیگەرانیی ئێستامان ئەگەری چالاککردنەوەی میکانیزمی گەڕانەوەی سزاکانە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، تەباتەبایی ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریکییەکان بە شێوەیەک مامەڵەیان کردووە کە سیستمی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تێکدەدات و گوتی: "دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ هەبوو، بەڵام لە کاتی خۆیدا نەقۆزرایەوە."

جەختیشی کردەوە، "ئەگەر ئیدارەی جۆو بایدن لە دەسەڵاتدا بووایە، شەڕی 12ڕۆژە ڕووی نەدەدا،" چونکە "ئەمەریکای بایدن جیاوازە لە ئەمەریکای ترەمپ." هەروەها گوتیشی: کێشەی سەرەکیی ڕێککەوتنەکە "نەبوونی گەرەنتی" بووە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل گومانیان هەیە، ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، بەڵام تاران هەمیشە ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەسەر مافی خۆی بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە دەکاتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment