"لە کەنیسەیەکی فەرەنسا ژنێک کوژرا و سەری بڕدرا"

شارەداری نیس: پێدەچێت هێرشەکە تیرۆرستی بێت

K24 - هەولێر

لە کەنیسەی نۆتر دام لە شاری نیسی فەرەنسا کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر چەند کەسێکی دیکە و لە ئەنجامی هێرشەکەشدا "ژنیک سەری بڕدراوە".

کریستیان ئێسترۆسی، شارەداری نیس رایگەیاند ئەم هێرشەی ئەمڕۆ 29ـی 10-2020 بە چەقۆ لە کەنیسەی نۆتر دام دو نیس ئەنجامدراوە.

هەروەها رایگەیاند "هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، هێرشکەرەکەیان دەستگیرکردووە و پێدەچێت هێرشەکە تیرۆرستی بیت".

ماڵپەڕی ئیورۆپ یەکی فەرەنسی بڵاوی کردووەتەوە "بەپێی زانیارییەکانمان؛ پیاوێک بەیانیی ئەمڕۆ بە چەقۆ هێرشەکەی لە کەنیسەکە ئەنجامداوە و ژنێک لە ئەنجامی هێرشەکەدا کوژراوە و سەری بڕدراوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر برینداریش هەن".

ماڵپەڕەکە هەروەها دەڵێ "تۆمەتبارەکە دوای 10 خوولەک لە هێرشەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە".