پەرلەمانتارێکی دەم پارتی سزای زیندانی زیاتر لە شەش ساڵی بەسەردا سەپێندرا

دادگای باڵای تاوانەکان لە شاری ئاگری باکووری کوردستان، لە دوا کۆبوونەوەی دادگاییکردنی بەردان ئۆزتورک پەرلەمانتاری دەم پارتی، بڕیاری کۆتاییدا و لەسەر چەند دۆسیەیەک سزای شەش ساڵ و چوار مانگ زیندانی بۆ دەرکرد.

پرۆسەی دادگایی بەردان ئۆزتورک بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئاگری لە دژی جوڵێندرابوو، بەڵام لە دوا دانیشتنی دادگا ئۆزتورک ئامادەی دادگایی کردنەکەی نەبوو، هەر بۆیە بڕیاری دادگا بەڕووی پارێزەرەکەیدا خوێندرایەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، دادگای ئاگری لەسەر دۆسیەی هاوکاریی و هەماهەنگی لەگەڵ "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی"، سزای چوار ساڵ و شەش مانگی بەسەر بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری دیاربەکری باکووری کوردستان لە پەرلەمانی تورکیا سەپاند، هەروەها لە سەر تۆمەتی بانگەشە بۆ "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" سزای ساڵێک و 10 مانگی بۆ دەرکردووە، کە کۆی هەردوو سزاکە دەکاتە شەش ساڵ و چوار مانگ.

لەلایەکی دیکەوە، هەر لە ئاگری 10 کەسی دیکە بە تۆمەت و تاوانی جیاجیا سزای زیندانیان بۆ دەرکرا، کە لە ساڵی 2015ـەوە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئاگری بە تۆمەتی "بانگەشە و ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی"، " توندوتیژی و هێز" دۆسیە لە دژی 16 کەس جوڵێندرابوو.

لەنێوان سزادراوەکاندا ئەنگین دورسون بە 24 ساڵ، فیگەن ئەسڵان و ڕەمەزان بایرام هەر یەکێکیان بە 18ساڵ، مەهمەت ئیزجی بە 11 ساڵ و 9مانگ، یەڵماز دورسون بە 8 ساڵ و 9 مانگ، شاکر چاچان بە 7 ساڵ، موراد قەرەگول و سێرکان یەزیجی هەر یەکێکیان بە 6 ساڵ و 3 مانگ سزای زیندانیان بۆ دەرکراوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment