پوتن بۆ گەیشتن بە هەنگاریا ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک دەبێتەوە

بەگوێرەی چەند ماڵپەڕێک سەرۆکی ڕووسیا بۆ گەیشتن بە هەنگاریا و بەشداریکردن لە لووتکەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێکی لۆجستی و سیاسیی دەبێتەوە.
ماڵپەڕی Airlive تایبەت بە گەشتە ئاسامانییەکان بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی داخستنی ئاسمانی بەشێک لە وڵاتان بە ڕووی ڕووسیاوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە گەشتەکەی بۆ هەنگاریا بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی بوداپێست لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، دووری نێوان مۆسکۆ و بوداپێست هەزار و 500 کیلۆمەتەرە و بە شێوەیەکی ئاسایی بە دوو کاتژمێر لە مۆسکۆوە دەگەیتە پایتەختی هەنگاریا، بەڵام بەهۆی سزاکانی بەشێک لە وڵاتان فڕۆکەکەی پوتن دەبێت پێنج هەزار کیلۆمەتر ببڕێت بۆ ئەوەی بگاتە بوداپێست، کە گەشتەکەی دەبێتە پێنج کاتژمێر.
هەروەها ئاماژەشی داوە، فڕۆکەی پوتن لەوانەیە بەرەو باشوور بەسەر دەریای قەزوین، ئاسمانی ئێران و تورکیا، دەریای ناوەڕاست، پاشان بەسەر مۆنتینیگرۆ و سربیا تێپەڕێت و لە کۆتاییدا لە باشوورەوە بچێتە ناو هەنگاریا.
سەرەڕای ئاستەنگە لۆجستییەکان و فەرمانی دەستگیرکردنی پوتن لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC)، بەڵام هەنگاریا پشتڕاستی کردووەتەوە ئاسانکاری بۆ گەشتەکەی پوتن دەکەن، بەڵام پێویستی بە مۆڵەتی یەکێتیی ئەورووپایە، کە ئێستا سیاسەتێکی توند لە بەرانبەر سەرۆکی ڕووسیا پەیڕەو دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە دوو هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و پەرەدان بە پەیوەندییەکانیان کۆببنەوە، هەروەها پێشتر لە 15ـی ئاب لە لووتکەی ئالاسکا ئەو دوو سەرۆکی کۆببوونەوە.