کار بۆ کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و کیم جۆنگ ئۆن دەکرێت

تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن) بڵاویکردەوە، بڕیاره‌ مانگی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سەردانی کیشوەری ئاسیا بکات؛ هاوكات بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا  تاوتوێی ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە نێوان ترەمپ و کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی کۆریای باکوور دەکەن لەو سەردانەدا.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە (سی ئێن ئێن)ـیان ڕاگەیاندووە، هێشتا هیچ پلانێک بۆ ئەم سەردانەی تره‌مپ دانەنراوە و هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتن و پیۆنگیانگدا نەبووە، هەرچەندە ترەمپ لە سەرەتای ئەمساڵدا هەوڵی پەیوەندیکردنی بە کیمەوەدا بوو، بەڵام کۆریای باکوور پەیامەکەیان وەرنەگرتووە و هیچ وەڵامێکیان نەبووە.

ترەمپ بە نهێنی و ئاشکرا، ئارەزووی خۆی بۆ دیداری سه‌رۆكی کۆریای باکوور دەربڕیوە، بەرپرسانی ئیدارەکەش گفتوگۆ لەبارەی کۆبوونەوەی ترەمپ و و کیم جۆنگ ئۆن لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ ئاسیا، بە کراوەیی هێشتووەتەوە. 

لە لایەکی دیکەوە، کیم جۆنگ ئۆن لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، یادگاری خۆشی لەگەڵ ترەمپ هەیە و ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئه‌مه‌ریكا دەربڕیبوو. جەختی لەوەش کردبووه‌وه‌، تەنیا ئەگەر واشنتن واز لە داواکارییەکەی بهێنێت کە وڵاتەکەی دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت، ئەوا دەرگای گفتوگۆکانی کراوە دەبێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment