فاینانشیاڵ تایمز: ترەمپ هانی زێلێنسکی داوە مەرجەکانی ڕووسیا قبووڵ بکات ئەگەر نا ئۆکرانیا لە نێودەچێت

پێگەی هەواڵی فاینانشیاڵ تایمز، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆشکی سپی بڵاو کردووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە، کۆبوونەوەی نێوان هەر دوو سەرۆکی ئەمەریکا و ئۆکرانیا چەندین جار بووەتە "دەنگە دەنگ و هاوار کردن" تەنانەت ترەمپ "بەردەوام وشەی خراپی بەکار هێناوە".
باسی لەوەش کردووە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا هانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی داوە مەرجەکانی ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ قبووڵ بکات و هۆشداریشی داوە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا گوتوویەتی ئەگەر ڕازی نەبێت، ئۆکرانیا لە نێو دەبات.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەشیان داوە، سەرۆکی ئەمەریکا سوور بووە لەسەر ئەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا پێویستە تەواوی هەرێمی دۆنباس ڕادەستی پوتن بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، زێلێنسکی و تیمەکەی بەو هیوایەوە چووبوونە کۆشکی سپی بۆ ئەوەی ترەمپ ڕازی بکەن مووشەکی تۆماهۆکی پێ بدەن، بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە ئەو مووشەکانەی پێ بدات.
ترەمپ ئەمڕۆ یەکشەممە بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، دڵنیایە لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا و گوتی: پوتن "شتێک وەردەگرێت، ئەو موڵکی دیاریکراوی بەدەستهێناوە".
هاوکات ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "NBC News"، داوای لە دۆناڵد ترەمپ، کرد فشارەکانی لەسەر ڤلادیمیر پوتن زیاتر بکات، زێلێنسکی ڕایگەیاند "پوتن هاوشێوەی حەماسە بەڵام بەهێزترە".جەختیشی لەوە کردەوە ئۆکرانیا لەم جەنگەدا نەدۆڕاوە و پوتنش براوە نەبووە.
سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی، "من تێناگەم بۆچی سەرۆکی گەورەترین وڵاتی جیهان پێویستی بە چەند کیلۆمەترێک خاکی زیاترە. ئەم جەنگە لەسەر خاک نییە، بەڵکوو لەسەر سەربەخۆیی ئێمەیە."
زێلێنسکی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، "پوتن تەنیا لە خەڵکی خۆی دەترسێت، چونکە دەیەوێت تا مردن سەرۆک بێت. ئەو پێویستی بە پشتیوانی خەڵکەکەیتی، هەر بۆیەش پشتی بە بەردەوامی ئەم جەنگە بەستووە."
سەبارەت بە داواکاریی ئۆکرانیا بۆ وەرگرتنی مووشەکی تۆماهۆکی ئەمەریکی، زێلێنسکی ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا "ڕەتی نە کردووەتەوە مووشەکی تۆماهۆکمان بداتێ، بەڵام بۆ ئەمڕۆش قبووڵی نەکردووە". ئەم لێدوانە دوای کۆبوونەوەکەی نێوان زێلێنسکی و ترەمپ ڕۆژی هەینی 17ی تشرینی یەکەمی 2025، لە کۆشکی سپی دێت. زێلێنسکی پێشتر پێشنیازی کردبوو ئۆکرانیا لە بەرانبەر وەرگرتنی مووشەکی تۆماهۆکدا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی خۆی بداتە ئەمەریکا.
سەرۆکی ئۆکرانیا پێی وایە پوتن "دەترسێت لەوەی ئەمەریکا تۆماهۆکمان بداتێ."هەروەها ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتن لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا.
ڕۆژی پێنجشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2025، پوتن پێشنیازێکی نوێی پێشکەشی ترەمپ کرد و گوتی: ئەگەر ئۆکرانیا دەستبەرداری هەرێمی ڕۆژهەڵاتی دۆنباس دەبێت، هەندێک ناوچەی هەر دوو هەرێمی باشووری هێڵی پێشەوەی جەنگ، خێرسۆن و زاپۆریژیا پێشکەش ئۆکرانیا دەکات.