ڕۆژی دەنگدان قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنرێت؟ کۆمیسیۆن وەڵام دەداتەوە

لێژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایانگەیاند، ڕۆژی دەنگدان قەدەغەی هاتوچۆ نابێت و هیچ بەربەستێک لەسەر ڕێگاکان دانانرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، قەیس محەممەداوی، سەرۆکی لێژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە هەردوو ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی، جموجۆڵی هاووڵاتییان ئاسایی دەبێت و هیچ قەدەغەیەکی هاتوچۆ ڕاناگەیەنرێت.
محەممەداوی جەختی کردەوە، بردنەژوورەوەی کامێرا، مۆبایل، یان هەر ئامێرێکی وێنەگرتنی دیکە بۆ ناو بنکەکانی دەنگدان قەدەغەیە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی نهێنی دەنگدان و سەلامەتی پرۆسەکە. هەروەها، گوتی، لێژنەکەیان هەوڵ دەدات، کەش و هەوایەکی لەبار بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بتوانن بە ئاسایی سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن، ئەم بڕیارەش هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە.
لەبارەی پرۆسەی دەنگدانیش، حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن، ڕایگەیاند، دەنگدەر ناتوانێت بچێتە ناو بنکەکانی دەنگدان بێ ئەوەی کارتی دەنگدانی پێ بێت، ئەمەش ڕێگر دەبێت لە ئەنجامدانی ساختەکاری.
زایر ئاماژەی بەوەش دا، نابێت دەنگدەر هیچ ئامێرێکی تەکنەلۆژی، بەتایبەتی کامێرا و مۆبایل، لە کاتی دەنگداندا لەگەڵ خۆی ببات، و ئەگەر هەر کێشەیەک هەبوو، بەرپرسی بنکە دەتوانێت یارمەتی بدات.
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت و 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە.
لەم هەڵبژاردنەدا، 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپەیمانی و 75 لیستی تاکەکەسی بەشداری دەکەن، هەروەها حەوت هەزار و 768 کەس خۆیان کاندید کردووە، کە پێنج هەزار و 520 پیاو و دوو هەزار و 248 ئافرەتن.