مەسرور بارزانی: کردنەوەی نەخۆشخانەی شۆڕش - هێتیت لە خەڵکی شۆڕشگێڕی دەڤەرەکە پیرۆز دەکەم

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی (شۆڕش-هێتیت)ی گشتی لە شارەدێی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگەی دهۆک كردەوە.

سەرۆكی حكوومەت سەرجەم بەشەكانی نەخۆشخانەكەی بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی بینی كە لە نەخۆشخانەكەدا پێشكەش بە خەڵكی دەكرێن.

پاشان سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێكدا ئاماژەی بەوە كرد، کە لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك، پێویست بوو ئێمە خزمەتێكی زیاتری خەڵكی ئەم دەڤەرە بكەین، جگە لەوەی ئەمە داخوازیی خەڵكی ئەم دەڤەرە بوو كە نەخۆشخانەیەك دروست بكرێت، چونكە زۆرجار بە تایبەتی لە وەرزی زستان و لە كاتێكدا بەفر هەبووایە، نەخۆش نەدەگەیشتنە نەخۆشخانەی دیكە لە ئامێدی و  دهۆک یان هەولێر، بۆیە بڕیار درا ئەم نەخۆشخانەیە دروست بکرێت، لەو كاتەوە تا ئێستا كارێكی زۆر باش كراوە، من سەردانی هەموو بەشەكانی ئەم نەخۆشخانەیەم كرد، بەڕاستی بە شێوازێكی زۆر سەردەمیانە و بە ئامێری زۆر پێشكەوتوو ئامادە كراوە، لەو باوەڕەدام كە پزیشك و نۆژدار و پەرستاری زۆر باشیشمان هەن و زۆر باش چاوی خۆیان دەدەنە خەڵكی ئەم دەڤەرە و چیتر ناچار نابن بۆ نەخۆشی سەردانی شاری دیكە بكەن.“

هاوكات دەستخۆشیی لە خەڵكی دەڤەرەكە كرد و گوتی: ”بەڕاستی شایانی هەموو خزمەتێكن كە بۆتان بكرێت، چونكە دەڤەرێكی قوربانیدەر بووە و بەردەوام شۆڕش لەم دەڤەرە هەبووە و ئێستاش رۆڵی ئێمەیە خزمەتێكی زیاتری خەڵكی ئەم دەڤەرە بكەین.“

نەخۆشخانەکە گشتیی 100 قەرەوێلەییە و لە چوار نهۆم پێکهاتووە و 43 ملیۆن دۆلاری تێچووە.

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment