وەزارەتی تەندروستیی ئێران: ساڵانە 130 هەزار کەس بەهۆی بەدخۆراکییەوە دەمرن

د.ئەحمەد ئیسماعیلزادە، بەڕێوەبەری گشتیی 'نووسینگەی باشترکردنی خۆراکی کۆمەڵگە' لە وەزارەتی تەندروستی ئێران، ڕایگەیاند، ساڵانە نزیکەی 400 بۆ 420 هەزار حاڵەتی مردن لە ئێراندا ڕوو دەدەن، کە نزیکەی 35%ی، واتە نزیکەی 120 بۆ 130 هەزار حاڵەت، پەیوەندیان بە بەدخۆراکییەوە هەیە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' د. ئەحمەد ئیسماعیلزادە، لە کۆنفرانسی ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕووبوونەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک، ڕایگەیاند "بەشێکی بەرچاو لەو مردنانەی کە پەیوەستن بە خۆراکەوە، بەهۆی قەڵەوی، کێشی زیادە، کەمیی بەکاربردنی دانەوێڵە تەواوەکان، ڕیشاڵ، و ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا 3 ڕوودەدەن.
د. ئیسماعیلزادە، گوتیشی: لە وڵاتی ئێمەدا، نیشاندەری کورتەباڵایی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ نزیکەی 5% و لاوازی نزیکەی 5% بۆ 6%ە. لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخەکە لە هەندێک لە پارێزگا کەمداهاتەکان لەوە خراپترە.
خۆراکی ناتەندروست هۆکاری 35%ی مردنی ساڵانەیە لە وڵاتدا
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی باشترکردنی خۆراکی کۆمەڵگە، گوتیشی: ئێستا لە هەر پێنج منداڵ و هەرزەکارێکی ئێرانی، یەکێکیان کێشەی قەڵەویی هەیە و لە گرووپی پێگەیشتووانیشدا لە هەر سێ کەس، دوو کەسیان کێشیان زیادە. هەروەها، نزیکەی 30%ی دایکانی دووگیان لە ماوەی دووگیانیدا کێشیان بەشێوەیەکی ناتەندروست زیاد دەکات؛ کە ئەم پرسە لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشی لە منداڵە ساواکاندا.
د. ئیسماعیلزادە، هەروا گوتی: نیوەی خەڵکی وڵات دەستیان بە خۆراکی پێویست ناگات وبەکاربردنی شیرەمەنی و گۆشت لە وڵاتدا زۆر کەمترە لە ڕێژەی پێشنیاز کراو. لە کاتێکدا کە بڕی گونجاوی خواردنی گۆشت، ڕۆژانە نزیکەی 90 گرامە، ئێرانییەکان بە تێکڕا ڕۆژانە تەنیا 50 گرام گۆشت دەخۆن؛ بێگومان بەرزبوونەوەی نرخەکان و فشارەکانی ژیان هۆی سەرەکیی کەمبوونەوەی خواردنی خۆراکی تەندروستن و دەتوانم بڵێم نزیکەی 35%ی حاڵەتی مردن لە وڵاتەکەماندا، پەیوەندی بە بەدخۆراکییەوە هەیە.
کەمیی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی باشترکردنی خۆراکی کۆمەڵگە، جەختی لەوە کردەوە، خۆراک و بژێویی ژیان، ڕاستەوخۆ پێکەوە بەستراونەتەوە و گوتی: وەزارەتی تەندروستی بەرپرسیارە لە تەندروستیی خەڵک و دەبێت داواکارییەکانیان لە بواری خۆراکدا، لە دامەزراوەکانی دیکەی وەک وەزارەتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی، ڕێکخراوی پاراستنی بەکاربەر و وەزارەتی خۆشگوزەرانیدا بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.
د. ئیسماعیلزادە ئاماژەی بە دۆخی کەمیی تەواوکەرە خۆراکییەکان کرد و گوتی: نزیکەی 20%ی ژنانی وڵات تووشی کەمخوێنی بوون و زیاتر لە 70%ی خەڵک کەمیی ڤیتامین D یان هەیە. لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن کە بەشێک لەم کێشانە بەهۆی گرانی و سنوورداریی بودجەوەیە.
ئەو هەروەها ئاماژەی بە مەترسیی کەمیی یۆد و بڵاوبوونەوەی خوێی نایاسایی و ناستاندارد کرد و گوتی: بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا کاریگەری لەسەر ئاستی زیرەکیی نەوەی داهاتووی وڵات هەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی باشترکردنی خۆراکی کۆمەڵگە، جەختی لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک لە وڵاتدا کردەوە و ڕایگەیاند: زیاتر لە 30%ی خۆراکی بەرهەمهاتوو لە ئێراندا بەفیڕۆ دەدرێت. لە قۆناغی بەکاربردندا، بەتایبەتی لە ماڵەکان، چێشتخانەکان، بەشەناوخۆییەکان و زانکۆکاندا، بەشێکی زۆری خۆراک بە فیڕۆ دەدرێت.