هۆشداری لە پیسبوونی دەریاچەی دوکان دەدرێت
ئاوبار ڕێڕەوێکی سەرەکی کۆکردنەوەی ئاوی بارانە بۆ ناو دەریاچەی دوکان دەیان تۆن پاشماوەی پێکهاتەی نەوتی ڕەش یان تێزابی پاتری ئۆتۆمبێلی تێدا فڕێ دراوە، لەگەڵ یەکەم بارانی بارینی ئەمساڵ مەترسی و ئەگەری ئەوەی هەیە تێکەڵی دەریاچەی دوکان بێت و ژەهراوی بکات.
پەیامنێری کوردستان24، ئاراس ئەمین لەگەڵ ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارۆچکەی دوکان، چوویتە ئەو شوێنەی پێکهاتەکانی نەوت و تێزابی لێفڕێ دراوە، لە زیاتر لە شوێنێک ئەو کارەساتە بەسەر ژینگە هێنراوە، لە هەر شوێنێکیش فڕێ درابێ ئاوی باران دەیباتەوە ناو دەریاچەکە.
وەهاب ئەحمەد، ئەفسەر لە پۆلیسی دارستان و ژینگەی دوکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ئەگەری باران بارین کارەسات لە دەریاچەی دوکان دروست دەکات، جگە لە پیسبوونی ئاوی دەریاچەکە، هەر چی زیندەوەری تێدایە لەناو دەبات، هەروەها نزیکەی پێنج ملیۆن کەس بێ ئاوی خواردنەوە دەبن، چونکە نابێت بەکار بهێنرێت.
ئیدارەی شارۆچکەی دوکان، لە ڕێگای داپۆشین بە گڵ، هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکە دەدات، خەستی و پەیتی ماددە کیمیاییەکە بە جۆرێکە تێکەڵ بە گڵ و خۆڵەکە نابێ و لە شوێنی تر سەر دەردەهێنێتەوە، دوای تێکەڵکردنی بە خۆڵ بڕیارە دواتر باربکرێ و لەسەر ڕێرەوە ئاویەکە لاببرێ پێش ئەوەی باران ببارێ و تێکەڵ بە دەریاچەی دوکان ببێ، لەگەڵیدا لێکۆڵینەوەی یاسایی و هێزە ئەمنییەکان بەدوای تۆمەتباران دەستی پێکردووە.
مەعرووف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە، بە کوردستان24ـی گوت: پێویستە بەشێوەیەکی زانستیی یەکلایی بکرێتەوە، کە ئایا نەوتی ڕەشە یان پاشماوەی تێزابە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەکراوە، هەروەها بۆنێکی ناخۆشی لێ دێت کە ئەمە لە نەوتی ڕەشدا نییە.
ساڵی ڕابردوو لە کاتی ئاگرگرتنی تانکەرێک پاشماوەی نەوت لە دەروازەی دوکان و تێکەڵبوونی بە ئاوی دهریاچهی دوکان، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئاوی ڕووبارەکەی پیس کرد و لە دووری دەیان کیلۆمەتر دابەشکردنی ئاوی لە پرۆژەی ئاوی کۆیە وەستاند، تێکەڵبوونی ئەو پاشماوە نەوتییە بەو قەبارەیە بێگومان گرفتی گەورەتر بۆ ئاوی دەریاچەی دوکان دروست دەکات.
