ستیڤن فەیگن بە سەرۆکی سەنتەری هەماهەنگیی مەدەنی-سەربازی لە غەززە دەستنیشان کرا
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هەڵسووڕێنەری پێشووی کارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق وەک سەرۆکی مەدەنی سەنتەری هەماهەنگیی مەدەنی-سەربازی لە غەززە کار دەکات.
هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ستیڤن فەیگن، ئەفسەری دیپلۆماسیی پیشەگەر و باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق و ئێستای یەمەن، وەک سەرۆکی مەدەنیی سەنتەرێکی نوێ دەستنیشان کراوە کە کار لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لە غەززە و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ ناوچە فەڵەستینییەکە دەکات.
ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە هات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەردانی سەنتەری هەماهەنگیی مەدەنی-سەربازی لە باشووری ئیسرائیل کرد و بەڵێنی دا، دیپلۆماتکاری زیاتری ئەمەریکی لەوێ جێگیر بکرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەش کردووە، باڵیۆز ستیڤن فەیگن وەک سەرۆکی مەدەنیی سەنتەری هەماهەنگیی مەدەنی-سەربازی کار دەکات، پشتگیری لە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ غەززە دەکات."
سەنتەرەکە ئەم هەفتەیە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) کرایەوە و پاتریک فرانک، فەرماندەی سوپای ناوەندیی ئەمەریکا، وەک سەرۆکی سەربازیی سەنتەرەکە دەستنیشان کرا.
دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوی کردبووە، ستیڤن ڤەیگن، هەڵسووڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق بە وەکالەت کۆتایی بە ئەرکەکەی هاتووە و جۆشوا هاریس، وەک کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەکە دەستبەکار بوو.
