نهتهوه یهكگرتووهكان: 61 ملیۆن تۆن داروپەردوو و پاشماوهی جهنگ لە غەززە هەیە
بە پێی داتای نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەنجامی جهنگیی دوو ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، زیاتر له 80%ـی خانوو و باڵەخانەکانی غەززە ڕووخاون و 61 ملیۆن تۆن پاشماوه و داروپەردوو لەو کەرتهدا هەیە.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی غەززە کە لە ڕۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە گوێرەی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و نێوەندگیری وڵاتان ڕاگەیهنرا، ڕێگاکانی دووبارە ئاوهدانكردنی کەرتی غەززە کرانەوە، بەڵام زۆری پاشماوەی خانوو باڵەخانە ڕوخاووەکان بەو ڕێژە زۆرەی کە هەیە، پێویستی بە مامەڵەیەکی جیاواز هەیە بۆ دەربازبوون لەم پاشماوانە.
بە گوێرەی بەرنامەی شیکاری مانگی دەستکردی نەتەوە یەکگرتووەکان "ئونۆسات"، کە لە ڕۆژی 8ـی تەمووزی 2025 دەست کەوتووە، 193 هەزار باڵەخانە لە کەرتی غەززە ڕووخاون یان زیانیان پێ گەیشتووە، ئەمەش دەکاتە نزیکەی 70%ـی ئەو باڵەخانانەی کە پێش 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، واتە پێش دەستپێکردنی جهنگیی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززەدا هەبوون.
هەروەها بە پشت بەستن بەو وێنانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی 23ـی ئەیلوولی ئەمساڵ دەستی کەوتووە، تێیدا دەرکەوتووە 83%ـی باڵەخانەکان ڕووخاون، هەندێکیشیان زیانیان بەرکەوتووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کێشی ئەو داروپەردووانەی لە کەرتی غەززەدا هەیە، بە 61 ملیۆن تۆن مەزەندە دەکرێت، کە دەکاتە 170 جار زیاتر لە کێشی تاوەری ئێمپایەر ستایتی شاری نیویۆرک، یان شەش هەزار جار زیاتر لە کێشی بورجی ئیڤڵ لە پاریس.
بە گوێرەی داتاكانی نهتهوه یهكگرتووهكان، کەرتی غەززە 365 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، لەو پاشماوە زۆرەی کە لەو كهرتهدا هەیە، هەر مەترێکی چوارگۆشە 169 کیلۆگرام داروپەردووی تێدایە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، دوو لەسەر سێی ئەو پاشماوانە لە ئەنجامی هێرشەکانی پێنج مانگی سەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە بووە، هەروەها پێش چەند مانگێک لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لە نێوان مانگی نیسان تاوەکوو مانگی ئابی ئهمساڵ، هەشت ملیۆن تۆن لە دارووپەردوو زیادی کردووە، کە زۆربەیان لە گەڕەکەکانی ڕەفەح و خان یونس بووە لە باشووری کەرتی غەززە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە سەرەتاییە ژینگەییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە مانگی ئابی ئەم ساڵ بڵاو کراونهتەوە، ڕایگەیاندووە، ئەو پاشماوانە مەترسین بۆ سەر گیانی دانیشتووانی كهرتهكه.
ئاماژەی بەوەش کردووە، 4.9 ملیۆن تۆن لە دارووپەردوەکان بە ماددەی ئەسبیستۆس کە لە دروستکردنی باڵەخانە کۆنەکاندا بەکارهاتووە ژەهراوی بوون، بە تایبەتی لە نزیک خێوەتی ئاوارەکان لە خان یونس و ڕەفەح و چەند ناوچەیەکی دیکە.
نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت، زیاتر لە دوو ملیۆن و 900 ههزار تۆن لەو پاشماوانەی کە لە نزیکی ناوچە پیشەسازییەکاندا هەیە بە ماددەی کیمیاوی ژەهراوی بووە، ئەمەش مەترسی ڕاستەقینەیە بۆ سەر گیانی دانیستووانی ئەو ناوچانە.
لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـوه، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە گیانیان كوژراون، گەیشتووەتە 67 هەزار و 211 کەس، کە زۆرینەیان ئافرهت و منداڵن، هاوکات 169 هەزار و 961 کەسی دیکەش بریندار بوون. هێشتا ژمارەیەکی زۆر قوربانی لەژێر داروپەردووەکانیشدا ماونەتەوە.
