حەماس: هەڵوێستی ئەمەریکا لەبارەی لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیل ئاماژەیەکی ئەرێنییە

حەماس پشتیوانی لە هەڵوێستی ئەمەریکا بۆ ڕەت کردنەوەی لکاندی کەرتی ڕۆژئاوا بە ئیسرائیل دەکات; هاوکات دەشڵێت: لەلایەن وڵاتانی نێوندگیر دڵنیایی دراوە شەڕەکە کۆتایی هاتووە.

هەینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025، حازم قاسم گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، هەڵوێستی ئەمەریکا و ڕەت کردنەوەی بڕیاری کنێستی ئیسرائیل بۆ لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا بە ئیسرائیل ئاماژەیەکی ئەرێنییە و خزمەت بە ڕێککەوتنی ئاشتی دەگەینێت.

ئاشکراشی دەکات، حەماس لەلایەن میسر و قەتەر و تورکیا و ئەمەریکاشەوە دڵنیایی ڕوون و ئاشکرای پێدراوە، کە جەنگ بە تەواوی کۆتاییهاتووە، باسی لەوەش کرد، جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاشتی گوزارشت لە ئەنجامە کۆتاییەکە دەکات.

هەروەها گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس داوا لە نێوەندگیرەکان دەکات، فشاری زیاتر لە ئیسرائیل بکەن، بۆ ئەوەی پابەندییەکانی جێبەجێ بکات و شەڕ ڕابگرێت، کۆتایی بە گەمارۆی سەر غەززە بهێنێت و ڕێگە بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بدات.

هەر ئەمڕۆ، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەو بارەوە گوتی: ئەم هەوڵەی حکوومەتی ئیسرائیل کە لە لایەن کنێستەوە پەسند کراوە، هەڕەشەیە بۆ سەر پرۆسەی ئاشتیی لە ناوچەکە و هەمووانیش ئەم ڕاستییە دەزانن.

 
 
Fly Erbil Advertisment