ئەمەریکا بەلەمێکی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەری بۆردوومان کرد و هێزەکانیشیان لە باشوور زیاد دەکەن
وەزیری جەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند، لە دەریای کاریبی بەلەمێکی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەریان بۆردوومان کرد و دەڵێت، چۆن مامەڵەیان لەگەڵ قاعیدە کردووە، بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەکەن؛ هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی جەنگیش ئاماژەی بەوە داوە، کەشتییەکی هەڵگری فڕۆکەی جەنگییان لە ئەمەریکای لاتین جێگری کردووە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەوڵە نایاساییەکان ببنەوە.
هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025، پێت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەت: لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکەی، لە سنوورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر بەلەمێک کە لەلایەن گرووپێکی تیرۆریستی بەناوی (ترێن دی ئەراگوا) بۆ بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر بەکارهێنراوە، هاوکات بەهۆی هێرشەکەوە شەش ئەندامی گرووپەکە کوژراون و هیچ سەربازێکی ئەمەریکیش بریندار نەبووە.
هەروەها وەزیری جەنگی ئەمەریکا هەڕەشە لە گرووپە چەتەکان دەکات و باسی لەوە کرد، ئەگەر ماددەی هۆشبەر بە قاچاخ بنێرنە ئەمەریکا، چۆن مامەڵەیان لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە کرد، بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو چەتانە دەکەن، شەو و ڕۆژ بەدوای تۆڕ و ئەندامەکانیان دەگەڕێن و دەیاندۆزنەوە و دەیانکوژن.
لە لایەکی دیکەوە سین پارنێڵ، گوتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) باسی لەوە کردووە، کەشتییەکی هەڵگری فڕۆکەی جەنگی (The USS Gerald R. Ford) ناردووەتە ئەمەریکای لاتین و نووسیویەتی: زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی باشووری ئەمەریکا (USSOUTHCOM AOR)، توانای ئئێمە بۆ دۆزینەوە، چاودێریکردن، و تێکشکاندنی هەوڵە نایاساییەکان و چالاکییانە کە سەلامەتی و خۆشگوزەرانیی خاکی ئەمەریکا و ئاسایشمان لە نیوەگۆی ڕۆژئاوا دەخەنە مەترسییەوە."
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە زاری سێ سەرچاوە بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بیر لە پلانێکی سەربازی دەکاتەوە بۆ بۆردوومانکردنی دامەزراوەکانی کۆکاین و ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەناو ڤەنزوێلا.
لە ماوەی ڕابردوودا، سوپای ئەمەریکا 10 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر بەلەمە گومانلێکراوانی بازرگانی بە ماددە هۆشبەر، بە هۆییەوە تاوەکوو ئێستا 43 کەس کوژراون، هەروەها ترەمپ ڕێگەی بە دەزگای هەواڵگری ناوەندی (CIA) داوە ئۆپەراسیۆنی نهێنی لەناو ڤەنزوێلادا ئەنجام بدات.
