ئومێد خۆشناو: ڕێگەپێدان بە خاوەن زەوییەکانی گەڕەسۆر دەدرێت

پارێزگاری هەولێر لە بەسەکردنەوەی دانانی سەرەبلۆکی زەوییەکانی گەڕەکی گەڕەسۆر ڕایگەیاند: دواى دانانی دیزاینی پرۆفایل و دەستنیشانکردنى بەرزی و نزمی زەوییەکان و وەرگرتنەوەی وێنەی تۆماری زەوییەکان لەلایەن تیمى شاراوانییەکان، دەست دەکرێت بە ڕێگەپێدان بە خاوەنى زەوییەکان بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکانیان.

شەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە بەسەرکردنەوەی پرۆژەی دانانی سەرەبلۆک و شەقام بۆ زیاتر لە  3 هەزار پارچە زەوی گەڕەکی گەڕەسۆری سنووری قەزای بنەسڵاوەی سەر بە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بە دیاریکردنی سەرەبلۆکەکانی ئەو زەوییانە، هەروەها کردنەوەی ڕێگاکان و تێکەڵەڕێژکردنیان، ئەو زەویانە دەچێتە قۆناغێکی گرنگ و خاوەنەکانیان لێی سوودمەند دەبن.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، نرخی زەوییەکانی گەڕەسۆر گۆڕانی بەسەردا دێت و ئاوەدانی پێدەگات. هه‌روه‌ها گوتی: لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لە بەشی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، لە گەڕەسۆر کۆگایەکی ئاو دروست دەکرێت، ئەوەش بەشێکی دیکەی خزمەتگوزاریی ئاودانی ناوچەکە دەبێت. 

دووپاتیشی کردەوە، لەپڕۆسەی دانانی سەرەبلۆک و کردنەوەی شەقامەکانی گەڕەکی گەڕەسۆر، دواى دانانی دیزاینی پرۆفایل و دەستنیشانکردنى بەرزی و نزمی زەوییەکان و وەرگرتنەوەی وێنەی تۆماری زەوییەکان لەلایەن تیمى شاراوانییەکان، دەست دەکرێت بە ڕێگەپێدان بە خاوەنى زەوییەکان بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکانیان.

 
 
Fly Erbil Advertisment