ئێران؛ هەڵاوسانی ئابووری بازاڕی دانەوێڵەی سست کردووە
ئێرە، بازاڕی یەکێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە؛ چۆڵی و سستی بە هۆی گرانی و هەڵاوسانی بەردەوامی ئابوورییەوە بە بازاڕەکەوە دیارە.
تەوژمی گرانی، بازاڕی دانەوێڵەشی گرتووەتەوە و دوکاندارانی بازاڕەکە دەڵێن"بەرهەمی هاوردە کەمی کردووە و بە هۆی وشەکەساڵیشەوە بەرهەمی ناوخۆیی کەمە و بەشی خواستی ناوخۆ ناکات."
ئەوان، دەشڵێن "ئەگەر جاران خەڵک پێنج کیلۆ فاسۆلیایان کڕیبا، ئێستا بە هۆی گرانیی نرخەکەیەوە، تەنیا یەک کیلۆ، بگرە کەمتریش دەکڕن."
سینا پەسوێ، دوکاندار، بە کوردستان24ـی گوت: لە دوو ساڵی ڕابردوودا نرخی دانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان بەهۆی وشکەساڵییەوە بە ڕادەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
حەسەن وەتەنخا، دوکاندارێکی دیکەی بازاڕەکە، دەڵێت: نزیکەی 30 ساڵە لەم بازاڕەدا کار دەکەم، گرانی ئاوهام نەدیووە. نرخی دانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان زۆر بە خێرایی زیادیان کردووە. لەماوەی هەفتەیەکدا کیلۆیەک لەتکەنۆک، لە 220 هەزار تومەنەوە بووە بە 270 هەزار تومەن.
دوابەدوای گەڕانەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەوی سزاکان، لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و وڵاتانی ئەرووپاییەوە و دابەزینی بەردەوامی بەهای تومەن، نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان بەردەوام لە ئێران بەرز دەبێتەوە و ئەوەش وای کردووە خەڵک بۆ دابینکردنی سەرەکیترین پێداویستییەکان، لەوانە خۆراک و دانەوێڵە دابمێنن، بە گوتەی ئەوان، نرخی هەموو دانەوێڵەکان 15 بۆ 20 هەزار تومەن گران بووە.
عەبدوڵڵا قادری، هاووڵاتی، دەڵێت: بەرپرسان دەبێت چارەیەک بۆ ئەم گرانییە بدۆزنەوە. هاوردەکردنی کاڵا و خواردەمەنی ئازاد بکەن، چونکە بەم جۆرەی ئێستا نرخەکان بەردەوام بەرز دەبنەوە.
داوود لەپەچی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی دانەوێڵەی ئێران لەم بارەیەوە دەڵێت لە ئاستی وڵاتدا، یەک کەس نزیکە 10 کیلۆ دانەوێڵە بۆ ساڵێک بەکار دێنێت. ئاماژە بەوەش دەدات هاوکات لەگەڵ گرانی کە بازاری هەموو کاڵا و خواردەمەنییەکی گرتووەتەوە، کەمئاوییش هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و گرانبوونی.
