ئەمجارەیان کامیان گرەوی ئۆفساید دەباتەوە، ئێمباپێ یان فلیک؟

کیلیان ئێمباپێ دەیەوێت تەڵەکەی هانزی فلیک پووچەڵ بکاتەوە و تۆڵەی خۆی بکاتەوە

ئەمڕۆ جارێکی دیکە کیلیان ئێمباپێ و هانزی فلیک رووبەڕوو دەبنەوە، لەوانەیە رووبەڕووبوونەوەی نێوان هێرشبەرە فەڕەنسییەکە و راهێنەرە ئەڵمانییەکە کلیلی یەکلاکردنەوەی کلاسیکۆی ئەمجارە بێت، زۆربەی میدیاکانی ئیسپانیا دەپرسن: کامیان گرەوی ئۆفساید دەباتەوە، ئێمباپێ یان فلیک؟

رۆژنامەی ASـی ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ کاری زۆری لەسەر راکردن بەبێ تۆپ کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ تەڵەی ئۆفسایدی بارسێلۆنا بکات، چونکە هێرشبەرە فەڕەنسییەکە وەرزی رابردوو کاتێک ریال و بارسا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕوو بوونەوە، 8 جار کەوتە تەڵەی ئۆفسایدی فلیک، هێرشبەرە فەڕەنسییەکە ئەم وەرزە بەراورد بە وەرزی رابردوو کەمتر کەوتووەتە ناوچەی ئۆفساید و کەمتر فیکەی ئۆفسایدی لەسەر لێدراوە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانیش رایگەیاندووە، هانزی فلیک سوورە لەسەر ئەوەی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە کلاسیکۆی ئەمجارەش تەڵەی ئۆفساید بەکار بهێنێت و پلانی خۆی نەگۆڕێت، راهێنەرە ئەڵمانییەکە ئەم وەرزەش لەسەر پلانی بردنە پێشەوەی بەرگریکارەکان بەردەوامە، لەم وەرزەی لالیگا هێلی بەرگری بارسێلۆنا نزیکەی 40 مەتر لە گۆڵی خۆیان دوور بوون، واتە هەر چوار بەرگریکارەکەی بارسێلۆنا بەردەوام دێنە پێشەوە و زیاتر لە ناوەڕاستی یاریگا یاریی دەکەن، نەوەک لە دواوە.

رۆژنامە مەدریدییەکە راشیگەیاندووە، ئەم وەرزە بەراورد بە وەرزی رابردوو، بەرگریکارانی بارسا نزیکەی 2.2 مەتر زیاتر هاتوونەتە پێشەوە، واتە فلیک هێشتا زیاتر هانی بەرگریکارەکانی دەدات بێنە پێشەوە و لەدواوە یاریی نەکەن، بۆ ئەوەی هێرشبەرانی تیپی بەرامبەر بکەونە تەڵەی ئۆفساید.

ئێمباپێ کە وەرزی رابردوو بەهۆی تەڵەی ئۆفسایدی فلیک 8 جار ئۆفسایدی لەسەر هەژمارکرا، دەیەوێت بە خێراییەکەی و دیقەتی پاسی هاوڕێیەکانی تەڵەی ئۆفسایدی فلیک تێک بشکێنێت، لەکاتێکدا لەم وەرزە لە هەر یارییەک رکابەرانی بارسێلۆنا نزیکەی 5 جار ئۆفسایدیان لەسەر هەژمارکراوە، ریال مەدریدیش بە راهێنەرایەتی چابی ئاڵۆنسۆ ژمارەی ئۆفسایدەکانی لەسەر هێرشبەرانی کەمکردووەتەوە، وەرزی رابردوو لە هەر یارییەکدا 2.24 ئۆفساید لەسەر یاریزانەکانی دەگیرا، بەڵام ئەم وەرزە رێژەکە بۆ 1.56 کەمبووەتەوە.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنیش لە راپۆرتێکیدا باسی شەڕی تەکتیکی نێوان فلیک و ئێمباپێی کردووە و نووسیویەتی، بوێرییەکەی فلیک لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ لە بەرامبەر خێراییەکەی ئێمباپێ تاقی دەکرێتەوە، راهێنەرە ئەڵمانییەکە هێشتا دەیەوێت بە هەمان تەکتیک و پلان بچێتە مەدرید، کە وەرزی رابردوو گەورەترین چەکی بلاوگرانا بوو، بارسا لەسەر ئاستی هەر پێنج خولە بەهیزەکەی ئەوروپا تاکە یانە بوو رکابەرەکانی 181 ئۆفسایدیان لەسەر هەژمارکرا.

موندۆ راشیگەیاندووە، لەم وەرزەی لالیگا رکابەرانی بارسێلۆنا 4.8 جار لە هەر یارییەک ئۆفسایدیان لەسەر هەژمارکراوە، بەڵام رکابەرانی ریال مەدرید لە هەر یارییەک تەنیا 0.6 جار ئۆفسایدیان لەسەر هەژمارکراوە، واتە لە هەر یارییەک کەمتر لە جارێک ئۆفساید لەسەر هێرشبەرانی تیپی بەرامبەر گیراوە.

هانزی فلیک وەرزی رابردوو هەر چوار کلاسیکۆیەکەی لە ریال مەدرید بردەوە، ئێمباپێش لەکۆی 8 یاری بەرامبەر بارسێلۆنا 11 گۆڵی کردووە و دوو هاتریکی تۆمارکردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment