رۆبن ئامۆریم تاوەکو سەرکەوتن بەدەستنەهێنێت مانچێستەر یونایتد جێناهێڵێت
رۆبن ئامۆریم بەڵێنێك بە هاندەرانی مانچێستەر یونایتد دەدات
مانچێستەر یونایتد ژیانە سادەکەی رۆبن ئامۆریمی گۆڕیوە و تاوەکو سەرکەوتن بە دەستنەهێنێت یانەکە جێناهێڵێت.
کەناڵی سکای سپۆرت چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆبن ئامرۆیم ئەنجامداوە و چەند نهێنییەك لەسەر ژیانی خۆی و راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد ئاشکرا دەکات.
رۆبن ئامۆریم باس لە ژیانی خۆی دەکات لەوکاتەی بووە بە راهێنەری مانچێستەر یونایتد و دەڵێت: پێشتر هەمیشە ژیانێکی سادەم هەبووە، بەڵام راهێنەرایەتی شەیتانە سوورەکان شێوازی ژیانی منی گۆڕیوە.
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بۆ سکای سپۆرت ئاماژەی بەوە کردووە: کاتێك دەچمە ئۆفیسەکەم لە ئۆڵدترافۆرد، دەبینم وێنەی 23 راهێنەر هەڵواسراون ئەوکاتە دەزانم پێگەی من چەند گرنگە و شانازییە بۆ من راهێنەرایەتی ئەو یانەیە دەکەم، بۆیە دەمەوێت سەرکەوتوو بم.
لەبارەی کێشە لەگەڵ یاریزانەکان، راهێنەری یانە ئینگلیزییەکە دەڵیت: کێشەی کەسیم لەگەڵ هیچ یاریزانێك نییە، دڵخۆشم راشفۆرد، هۆیلۆند و ئانتۆنی لەگەڵ یانەکانیان ئاستێکی باش پێشکەش دەکەن.
رۆبن ئەو بەڵێنە بە هاندەرانی مانچێستەر یونایتد دەدات، کە چ شتێك باشترین بێت ئەوە بۆ یانەکە بکات.
ئامۆریم لە کۆتا قسەی ئینتەرڤیوەکەی سکای سپۆرت دەڵێت: نامەوێت بەبێ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنم لە یانەکە بڕۆم، ئەو خاڵە بۆ من زۆر گرنگە.
