خانمێکی کورد لە برۆکسل کتێبخانە 30 ساڵییەکەی پێشکەش بە ناوەندی دیاسپۆرای کوردستان دەکات

لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، ڕێز لە پەروین جەمیل پاشا گیرا، کە زیاتر لە 30 ساڵە خەبات بۆ دۆزی کورد و کوردستان دەکات.

لە مەراسیمەکەدا، خاتوو پەروین تەواوی کتێبخانە و ئەرشیفی تایبەتی خۆی، کە بەرهەمی دەیان ساڵ کۆکردنەوەیە، پێشکەش بە "ناوەندی دیاسپۆرای کوردستان" لە برۆکسل کرد.

پەروین جەمیل پاشا لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، خۆشحاڵی خۆی بەم هەنگاوە دەربڕی و گوتی: "زۆر دڵخۆشم کە هاتوومەتە ئێرە و دڵخۆشم کە کتێبەکانم بۆ سەرکەوتنی دۆزی کورد بەکاردەهێنرێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، کتێبخانەکەی بابەتە جۆراوجۆرەکانی وەک کۆمەڵایەتی، سیاسەت و فۆلکلۆری کوردی لەخۆدەگرێت کە بە درێژایی ساڵان کۆی کردوونەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، مستەفا شاکر، سەرپەرشتیاری ناوەندی دیاسپۆرای کوردستان لە برۆکسل، ئەم دیارییەی بە جێگەی باوەڕییەکی زۆر مەزن و بەرپرسیارێتییەکی گران وەسف کرد. گوتی: هەستێکی زۆر خۆش و زۆر گرنگە بۆ ئێمە. ئەمە جێی باوەڕییەکی زۆر مەزنە و بەرپرسیارێتییەکی قورس دەخاتە سەر شانمان.

مستەفا شاکر بەڵێنی دا بە هەموو توانایەکەوە بەردەوامی بە ڕێبازەکەی پەروین بدەن و کتێبخانەکە بپارێزن. دەشڵێت: ئێمە بەڵێن دەدەین بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو توانای خۆمانەوە درێژەپێدەری ڕێگاکەی بین و کتێبخانەکە لە دەستێکی ئەمیندایە و خزمەتی کورد و کوردستانی و هەروەها بیانییەکانی پێ دەکەین."

 
Fly Erbil Advertisment