مانگی داهاتوو لە مەهاباد هەڵپەڕکێ دەکرێت
بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی چالاکییە هونەری و کۆمەڵایەتییەکان، بە بەشداری گرووپە ڕۆشنبیری و کولتورییەکانی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، فێستیڤاڵی " هەڵپەرکێی کوردی" لە شاری مەهاباد بەڕێوەدەچێت.
لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە، محەممەد سادق عەشایەری، قایمقامی مەهاباد بە میدیا ئێرانییەکانی ڕاگەیاندووە، مەهاباد خاوەن پاشخانێکی ڕۆشنبیری و کولتوری دەوڵەمەندە و دەتوانێت میوانداری چالاکی گەورە بکات، بۆیە ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتێک دەبێت بۆ نیشاندانی تواناکانی شارەکە و زیاتر پەرەپێدانی بەهرە و توانای هونەری و ڕۆشنبیریی ناوچەکە .
گوتیشی: لەم ساڵانەی دواییدا خەڵک پێشوازییەکی فراوانیان لە چالاکیە کۆمەڵایەتییەکان کردووە و بەپێی ئەزموونەکانمان بەرنامە سەرنجڕاکێش و کولتووریی پێشکەشکراوەکان، دەبێتە هەوێنی یەکگرتوویی نەتەوەیی و زیادکردنی بەشداریی کۆمەڵایەتی.
عەشایەری ڕاشیگەیاندووە، مۆڵەتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە و کارەکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی ئاگادارینامەکان تەواو بووە، ئەم فێستیڤاڵە بە بەشداری چەندین گرووپی هونەری پارێزگا جیاوازەکان لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بەرێوەدەچێت و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
قایمقامی مەهاباد گوتیشی: سازدانی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە لەسەر داوای خەڵکی مەهابادە، کە یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوەی توانا شاراوەکانی گەنجان و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە.
گوتیشی: ئیدارەی خۆجێی مەهاباد دەمانەوێت شارەکە بکەینە یەکێک لە شارە ڕۆشنبیرییە چالاکەکان و بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵەش هەنگاوێکە بەم ئاراستەیە.
هەڵپەرکێ کە سەمای ڕەسەنی نەتەوەی کوردە، یەکێکە لەو کولتوورە کۆنانەی یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان پیشاندەدات و چالاکییەکی سەرەکیی بۆنە و جەژنەکانیشە، لە ئێرانیش وەک میراتێکی کولتووری نیشتمانی تۆمارکراوە.
