ناتانیاهۆ: بۆ هێرشکردنە سەر غەززە و لوبنان مۆڵەت لە کەس وەرناگرین
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی بۆ بەئامانجگرتنی نەیارەکانی لە غەززە و لوبنان داوای مۆڵەتی هیچ لایەنێک ناکات؛ هاوکات دەشڵێت: ڕەتی دەکەنەوە تورکیا ببێتە بەشێک لە هێزی ئاشتیپارێز لەو کەرتە.
یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ڕایگەیاند، ئیسرائیل دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و بە توانای خۆیان بەرگری لە خۆیان دەکەن و بەردەوام دەبن لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان.
جەختیشی لەوە کردەوە، بۆ کۆنترۆڵی ئاسایشی خۆیان و بەرگری کردن لە خۆیان داوای مۆڵەت لە کەس ناکەن؛ ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ دوای هەفتەیەک لە سەردانی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمریکی دێت کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە سەردانی ئیسرائیلیان کردبوو.
سەبارەت بە پلانی بڵاوکردنەوەی هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لە غەززە، ناتانیاهۆ ئاماژەی دابوو، ئیسرائیل بڕیار دەدات کام وڵاتانە دەتوانن بەشداری بکەن؛ هاوکات دژایەتی خۆی بۆ بەشداریکردنی تورکیا لەو هێزەدا دووپات کردەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شەرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیایان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.
