پرۆفیسۆر یاسین کەریم: 45 منداڵ لە سکی دایکیاندا ئەنفالکراون
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2025، لە پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کورد دا، پرۆفیسۆر دکتۆر یاسین کەریم، سەرۆکی کۆنفرانسەکە، جەختی لەسەر ڕۆڵی زانست کردەوە بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بە جیهان و ڕایگەیاند: "ئێمەی ئەکادیمیی چرا ڕۆشنکەرەوەی ئەم پرسەین و دەمانەوێت بە هەموو دنیا بڵێین تاوانێکمان بەرامبەر کراوە کە وێنەی نییە."
دکتۆر یاسین ئاشکرای کرد، بەگوێرەی بەڵگە زانستییەکانی پزیشکیی دادوەری، سەلمێنراوە کە زیاتر لە 182 هەزار هاووڵاتیی بێتاوان زیندەبەچاڵ کراون. وەک نموونەیەکی دڵتەزێن، ئاماژەی بە گۆڕی بەکۆمەڵی 'حەزەر، جافایەتی' کرد و گوتی: "تەنیا لەو گۆڕەدا، 45 منداڵ لە سکی دایکیاندا بوون کاتێک شەهید کراون، کە تەمەنی هەموویان بە وێنەی پزیشکی دیارە."
ناوبراو ڕوونیکردەوە، هەموو هێرشەکانی سەر گەلی کورد، هەر لەسەردەمی ڕژێمی بەعسەوە تا دەگاتە هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردانی ئێزدی، کریستیان، کاکەیی و هێزی پێشمەرگە، ئامانج لێی سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد بووە.
سەرۆکی کۆنفرانسەکە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بۆ پشتگیری و ڕێنماییە بەردەوامەکانی لە دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا. هەروەها سوپاسی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی و نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی کرد کە هاندەر و پشتیوانی سەرەکیی بەڕێوەچوونی ئەم کارە زانستییە بووە.
