دانیشتووانی به‌غدا بەهۆی دۆخی خراپی خزمەتگوزاریی شاره‌كه‌یان بیر لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان دەکەنەوە

عێراق سەرەڕای داهاتی ساڵانەی زیاتر لە 72 ملیار دۆلار لە فرۆشتنی نەوت، شەقامە سەرەکییەکانی بەغدای پایتەختی وێنەیەکی خراپی ژێرخانی وڵاتەکە پیشان دەدەن. پرۆژەی فراوانکردنی شەقامێکی سەرەکی کە نزیکەی دوو ساڵە دەستی پێکردووە، بە نیوەچڵی جێهێڵدراوە و بووەتە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆری هاووڵاتییان.

شەقامەکان پڕن لە قوڕ و لیتە و پاشماوەی بیناسازی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێشتا یەکەم بارانی ئەمساڵ نەباریوە. زبڵ و خاشاک لە هەموو شوێنێکدا کەڵەکە بووە و دیمەنێکی ناشرینی بە شارەکە بەخشیوە. دانیشتوویه‌كی به‌غدا بە ناوی ئەحمەد عامری بە گلەییەوە بە کوردستان24 دەڵێت: "سەیری حاڵمان بکە و بە چاوی خۆت بیبینە. ئەمە دەروازەی بەغدایە، با کاربەدەستان بێن و ئەم بارودۆخە ببینن، دەروازەی بەغدا بووە بە زبڵخانە."

دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان بێبەشن، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی سەرژمێری لە عێراق، ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای بەغدا گەیشتووەتە 14%. ئەم دۆخە هاووڵاتییانی هێندە بێزار کردووە کە بڕوایان بە لایەنە سیاسییەکان نەماوە و بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانیان داوە.

سەجاد حوسێن، دانیشتوویه‌كی دیکەی به‌غدا دەڵێت: "سوێند بە خودا شەش کەس بەخێو دەکەم. خەرجیی هاتوچۆی منداڵەکانم و پارەی مۆلیدە و کرێی خانووم لەسەر شانە. نازانین ڕوو لە کوێ بکەین. ئەگەر وا بێت، با پاسپۆرتمان بۆ دەربکەن و پێمان بڵێن ئەم وڵاتە جێبهێڵن، وه‌ڵڵا دەڕۆین."

سەرەڕای ئەوەی بودجەی گشتیی ساڵی ڕابردووی عێراق 211 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام ئەمە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک و ئاستی خزمەتگوزارییەکان نەبووە.

عەلی مەهدی، دانیشتوویەکی دیکەی بەغدایە و گوتی: "حکوومەت ڕۆژانە چەند بەرمیل نەوت دەفرۆشێت؟ هەر بەرمیلێک بە 80 دۆلار، بۆ چی بەسەر 40 ملیۆن هاووڵاتییدا دابەش ناکرێت؟" ئەو پێی وایە کاربەدەستان سەروەت و سامانیان لە دەرەوەی وڵاتە و خەڵکیان لە برسییەتیدا جێهێشتووە.

هاوکات بەهۆی خراپی بارودۆخیان و چارەسەرنەکردنی کێشە سەرەتاییەکان و دابین نەکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، دانیشتووانی بەغدا بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن.

ساڵح عەلی، شۆفێرێکی توکتوکە و ئاماژەی داوە، ئێمە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین، چونکە هیچ شتێکمان لە حزبەکان نەبینیوە. من لە کرێدام و ئەوەش حاڵی گەڕەکەکەمانە. هیچ خزمەتگوزارییەک نییە.

دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە گۆڕینی ڕژێمی سیاسی، داواکاریی هاووڵاتییانی پایتەخت هێندە سادەیە کە تەنیا بریتییە لە دابینکردنی ئاو، کارەبا و ڕێگه‌وبانی قیرتاوکراو، بەڵام تا ئێستا بەم ماف و ئامانجە سەرەتاییانەیان نەگەیشتوون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment