لە بەغدا چوار کەس بە تاوانی کڕینی کارتی دەنگدان سزا دران

دادگای تاوانی ئەعزەمیەی بەغدا سزای زیندانی بۆ ئەو تاوانبارانە دەرکرد کە بە کڕینی کارتی هەڵبژاردن تۆمەتبار کرابوون.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە: دادگای تاوانەکانی ئەعزەمیە سزای شەش مانگ زیندانی بۆ چوار تۆمەتبار دەرکردووە کە تۆمەتبار بوون بە کڕینی کارتی هەڵبژاردن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بڕیاری سزادانی ئەو تۆمەتبارانە بە گوێرەی بڕگەی 2ـی ماددی 32  لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2020، لەگەڵ  پشت بەستن بە ماددەکانی 47 و 48 و 49  لە یاسای سزاکان و گەڕانەوە بۆ بڕگه‌كانی ماددەی 131ـی ئەو یاسایە دەرچووە.

لە ماوەی بانگەشەی هەلبژاردندا دیاردەی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدەران هاوکات لەگەڵ کێبڕکێی بەشێک لە کاندیدەکان بۆ بە دەستهێنانی کورسی پەرلەمان لە هەڵبژاردنەکاندا کە بڕیارە لە 11ـی مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت سەریهەڵداوە و تا لە هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە زیاتر دەبێت، پێشتریش ئەحمەد جبووری، پەرلەمانتاری نەینەوا هۆشداری لە مەترسی ئەم دیاردەیەدا بوو.

بە گوتەی ئەحمەد جبووری بازاڕی ڕەشی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان تا دێت گەرموگوڕتر دەبێت، بە تایبەت لە باشووری شاری مووسڵ و نرخی هەر کارتێکی دەنگدان گەیشتووە 500 هەزار دیناری عێراقی.

هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دڵنیایی داوە کە دەنگدان لە ڕێگەی ناسینەوەی دەموچاو یان پەنجەمۆر ئەنجام نادرێت، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان چەند جارێکە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە ڕادەگەیەنن کە دەستیان هەبووە لە کڕینی کارتی دەنگداندا، شارەزایانیش دەڵێن: ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردندا لاواز دەکات.

 
Fly Erbil Advertisment