پۆلیسی بەسرە: هەوڵی تیرۆرکردنی کاندیدێک درا
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پارێزگای بەسرە بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، هەوڵی تیرۆرکردنی کاندیدێکی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە دراوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمجەد تاڵیب سەیمەری"، کارمەند لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کاندید لەسەر لیستی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، زانیاری بە پۆلیس داوە، چەند کەسێکی نەناسراو بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "کڕاون" (Crown) کە تابلۆی نەبووە، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە.
بە گوتەی ئەو کاندیدە، ڕووداوەکە لە نزیک نەمامگەکانی "ئوم قەسر" لە بەسرە ڕووی داوە.
هەروەها سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینی شوێنی ڕووداوەکە، شوێنەواری فیشەک بەسەر جامی دواوەی دەرگای ئۆتۆمبێلەکەی سەیمەرییەوە بینراوە.
جێگای ئاماژەیە، هیچ زیانێکی گیانی لە هەوڵە تیرۆرکردنەکەدا تۆمار نەکراوە و تەنها زیانی ماددی بە ئۆتۆمبێلەکە گەیشتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوو هەفتە پێش ئێستا، لە ناوچەی تارمیەی بەغداد و لە رێگەی بۆمبی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە، سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغداد و کاندیدی هاوپەیمانیی سەروەری کرایە ئامانج و کوژرا.
