ترەمپ: ناتوانم لەم سەردانەم سەرۆکی کۆریای باکوور ببینم

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە واشنتنەو بە ئومێدی دیداری سەرۆکی کۆریای باکوور گەشتی ئاسیای کرد، بەڵام دوای چەند جارێک لە بە ئاشکرا ڕاگەیاندنی خواستی بۆ دیداری کیم جۆنگ ئون و بێدەنگبوونی سەرۆکی کۆریا، ترەمپ ڕایگەیاند، بەهۆی کاتەوە ناتوانێت بە مرازی دیدارەکەی شاد بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی ئۆکتۆبەری 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەنێو فڕۆکەکەیدا کە لە تۆکیۆوە بەرەو بووسانی کۆریای باشوور لە ڕێگەدا بوو، بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، بەهۆی کەمی کاتەوە ناتوانێت سەرۆکی کۆریای باکوور ببینێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی، ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، لە سەردانەکەیدا بۆ سیئۆل و دیدارەکەی لەگەڵ لی جای میونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان هەردوو کۆریای باشوور و باکوور دەدات.

هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، دۆنالد ترەمپ، نیازی دیداری خۆی لەگەڵ کیم جۆن سەرۆکی کۆریای باکوور نوێ کردووتەوە و ئاماژەیداوە، ئەگەری گەشتێکی دیکەی تایبەت بۆ ئاسیا بکەم، بە دڵنیاییەوە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور کۆ دەبمەوە.

دۆناڵد ترەمپ 26ی ئەم مانگە گەیشتە کوالالامپوری پایتەختی مالیزیا، بۆ بەشداربوون لە لووتکەی ئاسیان، هەر مالیزیا واژۆی لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تایلاند و کەمبۆدیا، دواتر گەشتەکەی بۆ ژاپۆن درێژکردەوە و ئێستاش لە کۆریای باشوور، بەڵام ترەمپ بەر لەوەی لە واشنتنەوە بۆ ئاسیا بەڕێ بکەوێت و چەند جارێک جەختی لەوە کردەوە کە ئارەزوومەندە لە گەشتەکەی بۆ ئاسیا جارێکی دیکە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریا دیدارێکی تایبەتی هەبێت، بەڵام سەرۆکی کۆریا تاوەکوو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی لە بارەی دیداری لەگەڵ ترەمپ بڵاو نەکردووەتەوە.

هەروەها دوو ڕۆژ لەمەوبەر دۆنالد ترەمپ جەختی لەوە کردبووەوە کە نیازی دیداری سەرۆکی کۆریای باکووری هەیە و ئامادەیە گەشتەکەشی بۆ چەند ڕۆژێک درێژ بکاتەوە، تەنیا بۆ دیداری کیم جۆنگ ئون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment