ئەڵمانیا گرێبەستێکی 900 ملیۆن یۆرۆیی بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی خۆکوژی دەکات

ئەڵمانیا ئامادەکاری دەکات بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی گەورە بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ ی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای هێلسینگ و ستارک و کۆمپانیای پیشەسازی بەرگری ڕینمیتاڵ.

 سێ سەرچاوەی ئاگادار لە وردەکارییەکانی گرێبەستەکە بە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزیان گوتووە، ئەو سێ کۆمپانیایە بە هاوبەشی گرێبەستەکە لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆ دەکەن، کە پشکی هەریەکەیان  نزیکەی 300 ملیۆن یۆرۆیە. بەڵام هێشتا  ڕێککەوتنە بەفەرمی واژۆ نەکراوە، بەڵام گرێبەستە پێشنیازکراوەکە ئەگەر لەلایەن لیژنەی بودجەی پەرلەمانی ئەڵمانیاوە پەسەند بکرێن، گەورەترین گرێبەست دەبێت لە مێژووی ئەو  کۆمپانیایانە.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەرسێ کۆمپانیاکە پابەند دەبن بە دابینکردنی  12 هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی بۆ سوپای ئەڵمانیا، باس لەوەشکراوە، لە قۆناغی یەکەمدا بەشێکی ئەو درۆنە خۆکوژیانە ڕادەستدەکرێن.

ئەم فڕۆکانە بۆ پشتگیریکردنی سوپای ئەڵمانیایە کە لە لیتوانیا جێگیرکراون، ئەمەش بە ئامانجی بەهێزکردنی لایەنی ڕۆژهەڵاتی ناتۆیە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ڕووسیا.

بەرپرسانی ئەڵمانیا بەهیوای ئەوەن دابەشکردنی گرێبەستەکە لەنێوان هەر سێ کۆمپانیاکەدا هاندانی داهێنان و کێبڕکێیی بێت بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی باشترین سیستەم بەدەستبهێنن.

کۆمپانیای هێلسینگ کە لەلایەن دامەزرێنەری سپۆتیفای دانیال ئێکەوە پشتگیری دەکرێت، سەرمایەکەی نزیکەی 12 ملیار یۆرۆیە. هەروەها کۆمپانیاکە ساڵی ڕابردوو نیازی خۆی ئاشکراکرد بۆ ئەوەی شەش هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر بۆ ئۆکرانیا دابین بکات.

کۆمپانیای ستارک کە نزیکەی 15مانگ لەمەوبەر دامەزراوە، ملیاردێری ئەمەریکی پیتەر تیل و سیکۆیا کاپیتال پاڵپشتیی دەکەن.

 حکوومەتی ئەڵمانیا پێشتر بەشێک لە گرێبەستەکانی بە کۆمپانیای Rheinmetall داوە کە تایبەتە بە دروستکردنی تانک و تۆپ و کەرەستەی سەربازی.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment