دوو کۆبوونەوەی چارەنووسساز لەبارەی پرۆسەی ئاشتی دەکرێن
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە. هاوکات، کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتیش، میوانداریی دوو وەزیر دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەگەڵ هەریەکە لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ئەندامانی شاندی ئیمراڵی، کۆببێتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە، کە سێیەمین دیداری نێوان هەردوولا دەبێت، بە پێشهاتێکی نوێ و گرنگ لە پرۆسەی ئاشتیدا دادەنرێت. بڕیارە دوایین قۆناغەکانی پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەکە تاوتوێ بکرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پەکەکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕێوڕەسمێکدا هەنگاوێکی مێژوویی نا و سەرجەم هێزەکانی لە خاکی تورکیا کشاندەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ پەرەسەندنی پرۆسەی ئاشتی سەیر دەکرێت.
ئەردۆغان لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە، لەگەڵ شاندی دەم پارتی تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەکە دەکەن.
کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ ئاشتی، میوانداری وەزیرانی دەرەوە و داد دەکات
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، سبەی پێنجشەممە، کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی، کە لە پەرلەمانی تورکیا تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی دامەزراوە، بۆ 16ـەمین جار کۆدەبێتەوە.
لە بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، میوانداریی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکرێت، کە باس لە ڕەهەندە دیپلۆماسییەکانی پرۆسەکە دەکات. لە بەشی دووەمیشدا، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، میوانداری دەکرێت و بڕیارە ڕەهەندە یاساییەکانی پرۆسەکە بۆ ئەندامانی لیژنەکە بخاتەڕوو.
هەردوو وەزیرەکە بڕیارە بۆچوونی وەزارەتەکانیان لەبارەی دوایین قۆناغەکانی پرۆسەکە بخەنەڕوو و دواتریش وەڵامی پرسیاری ئەندامانی لیژنەکە لەبارەی پرۆسەکە دەدەنەوە.
وەزیری داد لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان هەنگاوێکی بەرچاو دەگرێتەبەر و وەزارەتی دادیش لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆندا هەنگاوە یاساییە پێویستەکانی تایبەت بە پرۆسەکە تاوتوێ دەکەن.
