جەی دی ڤانس: چەکی ئەتۆمی ئەمەریکا پێویستی بە تاقیکردنەوە هەیە

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: چەکی ئەتۆمی ئەمەریکا پێویستی بە تاقیکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لە توانای کارکردنی.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پێی وابوو،  تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی ئەمەریکا، دڵنیایی دەدات لەوەی بە شێوەیەکی دروست کار دەکات، بەڵام ڕوونی نەکردەوە ئەو تاقیکردنەوانە چین کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی پێ کردوون.

جەی دی ڤانس لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "گرنگە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، دڵنیابینەوە لەوەی ئەم  چەکە ئەتۆمییەی کە هەمانە بە شێوەیەکی دروست کار دەکات، ئەمەش بەشێکە لە پرۆسەکانی تاقیکردنەوە."

فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی وڵاتەکەی لەسەر چەکی ئەتۆمیی، دەرگای بە ڕووی دەستپێکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی واشنتۆندا کردەوە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕانکاریەکی گەورەی جیهانی لەگەڵ ئەوەی کێبڕکێ توند لەم بوارەدا، بە تایبەتی لەگەڵ ڕووسیا و چین هەیە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند: بەهۆی تاقیکردنەوەی وڵاتانی دیکە بە چەکی ئەتۆمی، من فەرمانم بە وەزارەتی کردووە کە بە هەمان شێوە دەست بە تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی خۆمان بکەین، پاشان ڕوونکردنەوەیەکی زیاتری بە ڕۆژنامەنووسان دا و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە، ڕکابەرە سەرەکییەکانی واشنتۆن، بە تایبەت چین و ڕووسیا، "وا دیارە هەموویان تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام دەدەن،" و گوتی: "ئەگەر ئەوان تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن، ئێمەش ئەنجامی دەدەین.

 
Fly Erbil Advertisment