کۆریای باکوور: چەک داماڵینی ئەتۆمی خەونێکی بەتاڵە
کۆریای باکوور ئەمڕۆ شەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2025، پێشنیازی کۆریای باشووری ڕەتکردەوە کە گوایە پرسی چەک داماڵینی ئەتۆمیی نیمچە دوورگەی کۆریا لە کۆبوونەوەی لووتکەی داهاتووی نێوان سێئول و پەکیندا تاوتوێ دەکرێت، و بە "ئاواتخوازییەک" وەسفی کرد کە هەرگیز نایەتە دی.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور (KCNA) لە بەیاننامەیەکدا، لە زاری پاک میۆنگ هۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند: "هەوڵەکانی کۆماری کۆریای باشوور بۆ نکۆڵیکردن لە پێگەی کۆماری دیموکراتی گەلی کۆریای باکوور، وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی و قسەکردن لەسەر خەیاڵی چەک داماڵین، تەنیا نەبوونی ژیریی ئەو وڵاتە دەردەخات."
ئاژانسەکە جەختی کردەوە "بە ئارامییەوە دەیسەلمێنین، چەک داماڵینی ئەتۆمی تەنیا خەونێکی بەتاڵە و هەرگیز نایەتە دی."
ئەم هەڵوێستەی پیۆنگیانگ دوای ئەوە هات، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو، بڕیارە لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور، لە پەراوێزی کۆڕبەندی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) لە شاری گیۆنگجو، لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، کۆببێتەوە و پرسی چەک داماڵینی نیمچە دوورگەکە تاوتوێ بکەن.
