کاریگەرییەکانی ژیری دەستکرد لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن

ژیرى دەستکرد ئامرازێکى بەهێزە و دەتوانێت داهێنان لە زۆر بواردا بکات، بەڵام هەندیک کات دەتوانرێت بە دەستبردن بۆ تایبەتمەندییە کەسییەکان و هەڵگێرانەوەى زانیارییەکان و دروستکردنى دەنگ و ڤیدیۆ مەترسى دروست بکات، بە تایبەت لە دۆخى ئێستادا کە بانگەشەى هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت، شارەزایەکى بوارى میدیا بە گرنگى دەزانێت هەمووان هۆشیار بن، چونکە مەرج نیە ئەوەى ژیرى دەستکرد بڵاوى دەکاتەوە ڕاست بێت.

کاندیدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوینەرانى عێراق بە ڕێگاى جۆراو جۆر بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن، کە زۆرینەیان وینەکانیان لە شەقام و شوێنە گشتەیەکان دادەنێن، بەڵام سۆشیال میدیاش ئامرازێکى گرنگە بۆ بانگەشە، ئەگەر هەندیک کاندید وێنەکەى لەسەر شەقامەکان بشێوێنرێت، ئەوە هەندێکى دیکەیان لە ڕێگاى ژیرى دەستکرد و میدیاى دیجیتألى وێنەو ڤیدۆکیانیان دەشێوێنرێت، شارەزایەکى میدیا بە گرنگى دەزانێت هاووڵاتیان هۆشیار بن چونکە مەرج نیە ئەوەى لەسەر شاشەى مۆبایلەکانیان دەیبینن ڕاست بێت.

دیارى محەممەد، بەرێوەبەرى سەنتەرى میترۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ژیری دەستکرد دەتوانێت لەڕێگای بڵاوکردنەوەی هەندێک زانیاری هەندێک وێنە و گرتە ڤیدیۆ ڕاستیەکان لەخەڵک بشوێنێت، کاریگەری خراپ دروست بکات، تا ئێستا لەم بانگەشەی هەڵبژاردنە لە هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک کاندیدە ئافرەتەکان پارێزراوبوون، بەڵام لە عێراقدا حەملەیەکی زۆر گەورە هەبووە لەسەر هەندێ کاندیدی ئافرەت کە بەهۆی هەندێک وێنەو ڤیدیۆیان بڵاو کراوەتەوە کاریگەریی خراپی هەبووە لەسەر ناوبانگی کەسەکە وە لە ڕووی پڕۆسەی سیاسیەوە کەوتووە.

هەندێک کات زۆرینەى ئەو گرفتانەى کە لە ڕێگاى ژیرى دەستکردەوە دروست دەبێت، بەرۆکى کاندیدە ئافرەتەکان دەگرێت، لە کاتێکدا دابینکردنى ژینگەیەکى سیاسی و کۆمەڵایەتى لە بار بۆ سەرجەم کاندیدەکان، ڕوویەکى جوانى دیموکراسى نیشان دەدات.

تاڤگە عومەر، کاندیدى پارتى دیموكارتی كوردستان، گوتی: ئەوەی گرنگە کاندیدەکان پابەندی سەرجەم ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بن، چونکە ئێستا ئێمە ڕێنمییان هەیە کەلەلایەن کۆمسیۆنەوە دەرئەچێت و ئەم ڕێنماییانە پێویستە لەسەر سەرجەم کاندیدان بە بێ جیاوازی کە پابەندی بن جگە لەوە ئێمە یاسامان هەیە چونکە هەر بابەتێک ئەگەر بەدەربوو لە یاساکانی کۆمیسیۆن ئەچێتە چوارچێوەی تاوانەوە وەکۆمەڵێک یاسامان هەیە لە هەرێمی کوردستان ئەم بابەتەی ڕێکخستووە، بە تایبەت یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ساڵی 1969، هەروەها یاسای ژمارە 6 ساڵی 2008 کە خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکانە.

هۆشیارى هاووڵاتیان ڕێگایەکى تەندروستە، بۆ ئەوەى ڕێگرى بکرێت لە لایەنە نەرێنى و کۆمەڵایەتییەکانى ژیرى دەستکرد و میدیاى دیجیتاڵى، چونکە ئەو دوو بابەتە ئێستا و لەكاتی بانگەشەیەدا لە لایەن ھەندێك كەس بە چڕى کارى لەسەر دەکرێت.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment