سەربەست لەزگین: کوردستان24 لە ماوەیەکی کەمدا متمانەی خەڵکی بەدەستهێنا

 سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی دهۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاراستەی ستاف و کارمەندانی کرد.

سەربەست لەزگین ڕایگەیاند، کوردستان24 توانیویەتی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ببێتە سەرچاوەی متمانە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی دهۆکی پارتی لە بەشێکی تری قسەکانیدا هیوای خواست، کوردستان24 بەردەوام بێت لەسەر ئەرکی خۆی بە شێوازێکی "واقیعی و بە گوێرەی واقیعی هەرێمی کوردستان، دەنگ و ڕەنگی خەڵک و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بگەیەنن و بڵاوی بکەنەوە، چ لەناو کوردستان و چ لە دەرەوەی کوردستان."

لە کۆتاییدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی دهۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دامەزراوەکە "بە ڕاستی جێگەی شانازییە" و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواست لە کارەکانیاندا.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە 31ی تشرینی یەکەمی 2015 دەستی بە پەخشی فەرمی کرد. ئەم دامەزراوەیە کە بنکەی سەرەکی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، وەک ناوەندێکی میدیایی هەمەجۆر کاردەکات و ئامانجی گۆڕینی دیمەنی میدیاییە لە کوردستاندا.

کوردستان24 وەک "دامەزراوەیەکی نیشتمانیی میدیایی" خۆی دەناسێنێت و جەخت لەسەر "بێلایەنی، خێرایی و ڕاستگۆیی" لە کارەکانیدا دەکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەکە گەشەپێدانی ڕوخساری میدیاییە لە کوردستان و بوون بە ڕێنیشاندەر بۆ جیهانێکی نوێی کاری میدیایی لە ناوچەکەدا. هەروەها، کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری لێبووردەیی، پێکەوەژیان، ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری.

کوردستان24 بە چەندین زمان بەرنامە و هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە، لەوانە کوردی (سۆرانی و کرمانجی)، ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی و فارسی. ئەمەش لە ڕێگەی چەندین پلاتفۆرمی جیاوازەوە ئەنجام دەدات. هەروەها، پەخشی 24 کاتژمێری هەیە و ڕووداوەکانی کوردستان و جیهان لە ڕێگەی (ڕادیۆ، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و ئەپی مۆبایل) ڕووماڵ دەکات.

کوردستان 24 بە تۆڕێکی فراوانی پەیامنێران لە کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتیوانی دەکرێت بۆ گەیاندنی زانیاری ورد و خێرا بە بینەران و خوێنەرانی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment