نۆژەنکردنەوەی قەڵای نەزارکێ نزیکە لە تەواوبوون
قەڵای نەزارکێ لە دهۆک، کە پێشتر زیندان و شوێنێکی ئەشکەنجەدان بووە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، ئێستا لەژێر پڕۆژەیەکی گەورەی نۆژەنکردنەوە و گۆڕاندایە بۆ مۆزەخانەیەکی نیشتمانیی یادەوەری.
ئامانجی پڕۆژەکە پاراستنی مێژووە تاریکەکەی شوێنەکەیە و یادکردنەوەی قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکەیە دژ بە گەلی کورد.
قەڵاکە، کە لە نزیکەی ساڵی 1988 لە سەردەمی ڕژێمی بەعس دروست کراوە، ڕووبەرەکەی دەگاتە 36,000 مەتر دووجا. وەک ناوەندێکی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی هەزاران هاووڵاتیی مەدەنیی کورد بەکار هاتووە، بە تایبەت لە کاتی کارەساتی جینۆسایدی ئەنفالدا.
پاراستنی برینەکانی مێژوو
کاروباری نۆژەنکردنەوە بەردەوامە، و قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە 95%ی تەواو بووە. کۆی بودجەی تەرخانکراو بۆ هەردوو قۆناغی دروستکردن و نۆژەنکردنەوە نزیکەی 900 ملیۆن دیناری عێراقییە.
ئامانجی سەرەکیی نوژەنکردنەوەکە سڕینەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو زیندووهێشتنەوەیەتی. هەوڵ دراوە بە وردی دیوارە ڕەسەنەکان بپارێزرێن، لەوانە ئەو هەڵکۆڵین و نووسینانەی کە لەلایەن زیندانییەکانەوە جێهێڵدراون، وەک دەربڕینی خۆڕاگری و ئازار.
حەسەن فەتاح، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەریی دهۆک، بە بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مۆزەخانەکە وەک مۆزەخانەیەکی کۆمەڵایەتیی نموونەیی دەبێت و تایبەت دەبێت بە پاراستنی یادەوەریی کورد. "هەموو کەلوپەل و یادەوەری و ناخۆشییەکانی ئەنفال لێرە کۆدەکرێنەوە بۆ نمایشکردن،" ئەو ڕوونی کردەوە، و پشتڕاستی کردەوە، مۆزەخانەکە بەڵگەکانی شاڵاوی ئەنفال، کیمیاباران و کارەساتی شنگال نمایش دەکات.
نۆژەنکردنەوە و نمایش
بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکە گرنگییان بە هاوسەنگیی نێوان پاراستن و پێداویستیی ژێرخانی مۆزەخانەیەکی مۆدێرن داوە. عەبدولقادر محەممەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، وردەکاریی کارەکانی نوژەنکردنەوەکەی خستەڕوو: "ئەو دیورانەی کە نووسین و دەربڕینی دەستبەسەرکراوانیان لەسەرە، قوربانییانی ڕژێمی بەعس، بە بەکارهێنانی بۆیەی پلاستیکی پارێزراون."
نوژەنکردنەوەکە دروستکردنی دیواری پارێزەری دەرەوە، نۆژەنکردنەوەی ناوچەی دەوروبەر، و دانانی پەنجەرەی شیشدار بە شێوەیەکی کلاسیکی لەخۆدەگرێت بۆ پاراستنی کەش و هەوای خانە و ژوورەکانی پێشووی زیندانەکە. سەکۆ و هۆڵەکانی نمایش ئامادە دەکرێن بۆ جێگیرکردنی کەلوپەل، بەڵگەنامەی وێنەیی، و بەڵگەنامە مێژووییەکان کە ئەزموونە جەرگبڕەکانی دەستبەسەرکراوان و مێژووی چەوسانەوەی ڕژێمی بەعس لە هەرێمی کوردستان دەگێڕنەوە.
