هەڵگورد شێخ نەجیب: کەناڵی کوردستان24 بووەتە دەنگێکی متمانەپێکراو بۆ گەلی کوردستان

سەرپەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەبۆنەی 10 ساڵەی دامەزراندنی کورستان24 گوتی: پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێوبەر و کارمەندانی ئەم کەناڵە دەکەم.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، بە بۆنەی یادی 10مین ساڵی دامەزراندنی کەناڵی کوردستان24، پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێوبەر و کارمەندانی ئەم کەناڵە دەکەم.

ئاماژەی بەوەشدا، 10 ساڵ کاری بێ وچان لە خزمەتی ڕاگەیاندن، کەناڵی کوردستان24ـی کردووەتە دەنگێکی متمانەپێکراو بۆ گەلی کوردستان. لەم ماوەیەدا توانیویانە خزمەتێکی بەرچاو بکەن لە گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوەکان بە شێوەیەکی پیشەیی.

گوتیشی: کاری ستافی ئەم کەناڵە شایەنی ستایش و پێزانینە و هیوای سەرکەوتنی زیاتر و داهاتووێکی باشتر بۆ کەناڵی کوردستان24 دەخوازم.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە 31ی تشرینی یەکەمی 2015 دەستی بە پەخشی فەرمی کرد. ئەم دامەزراوەیە کە بنکەی سەرەکی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، وەک ناوەندێکی میدیایی هەمەجۆر کاردەکات و ئامانجی گۆڕینی دیمەنی میدیاییە لە کوردستاندا.

کوردستان24 وەک "دامەزراوەیەکی نیشتمانیی میدیایی" خۆی دەناسێنێت و جەخت لەسەر "بێلایەنی، خێرایی و ڕاستگۆیی" لە کارەکانیدا دەکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەکە گەشەپێدانی ڕوخساری میدیاییە لە کوردستان و بوون بە ڕێنیشاندەر بۆ جیهانێکی نوێی کاری میدیایی لە ناوچەکەدا. هەروەها، کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری لێبووردەیی، پێکەوەژیان، ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری.

کوردستان24 بە چەندین زمان بەرنامە و هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە، لەوانە کوردی (سۆرانی و کرمانجی)، ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی و فارسی. ئەمەش لە ڕێگەی چەندین پلاتفۆرمی جیاوازەوە ئەنجام دەدات. هەروەها، پەخشی 24 کاتژمێری هەیە و ڕووداوەکانی کوردستان و جیهان لە ڕێگەی (ڕادیۆ، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و ئەپی مۆبایل) ڕووماڵ دەکات.

کوردستان 24 بە تۆڕێکی فراوانی پەیامنێران لە کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتیوانی دەکرێت بۆ گەیاندنی زانیاری ورد و خێرا بە بینەران و خوێنەرانی.

 
Fly Erbil Advertisment