پەرلەمانتارێکی پێشووی ئێران: ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە دەکات
نیزامەددین مووسەوی، پەرلەمانی پێشووی ئێران و بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی فارس، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هۆشداری دا لەوەی ئێسرائیل خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران ئامادە دەکات.
مووسەوی، نووسیویەتی "ئەمە هۆشدارییەکی جددییە، مارک ساڤایا، نوێنەری ترەمپ بۆ عێراق، جەخت لەسەر لەناوبردنی 'حەشدی شەعبی' دەکاتەوە."
پەرلەمانتاری پێشووی ئێران، لە درێژەی پەیامەکەیدا، دەڵێت: ئەمەریکا دەیەوێت مودێلێکی سووری، لە لایەن داعشییەکی وەک جۆلانی، لە عێراق جێبەجێ بکات. دەبێ ئێمە هۆشیار بین! ڕووخاندنی حکوومەتی پێشووی سووریا پێشەکیی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران بوو و ڕووخاندنی عێراقیش پێشەکیی هێرشی زەمینی دەبێت."
یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، مارک ساڤایا، نوێنەری تایبەتیی ئەمەریکا بۆ عێراق، بە ڕۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی ڕاگەیاند، پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و عێراق هەستیارە، لەگەڵ هەموو لایەنەکانی نێو ئەو وڵاتە کار دەکەین بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێکی ڕاستەقینەی ئەمەریکا.
ساڤایا، جەختی لەوە کردەوە، ئەمەریکا پشتگیری لە حکوومەتێکی سەربەخۆ لە عێراقدا دەکات و هەنگاوی لەپێشینەمان لە عێراق، نەهێشتنی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەرباری ساڤایا گوتوویەتی "تێگەیشتنی قووڵی ئەو لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا، یارمەتیدەر دەبێت لە پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمەریکا."
