چنار سەعد عەبدوڵڵا: کوردستان24 کەناڵێکی گرنگ و پڕۆفیشناڵە
ئەمڕۆ شەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2025، چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "پیرۆزبایی 10 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان24 دەکەم. ئەم کەناڵە لە ڕووی هونەری، ڕوونیی شاشە و کوالێتیی بەرنامەکانییەوە، کەناڵێکی گرنگ و پڕۆفیشناڵە."
چنار سەعد عەبدوڵڵا، ستایشی کارمەند و ستافی کەناڵەکەی کرد و گوتی: "بەهۆی بەرنامە هەمەجۆر و هەواڵەکانیانەوە، تا ئاستێکی باش توانیویانە پەیامەکانیان بگەیەنن. کوردستان24 بە شێوەیەکی ستاندارد و خێرا زانیاری دەگوازێتەوە و هەمیشە ڕاستگۆ بووە لە گەیاندنی هەواڵەکان."
ناوبراو سەبارەت بە ڕۆڵی ئافرەتان لە میدیادا گوتی: "وەک ئافرەتێک، پێم وایە پێویستە هەموو کەناڵێک، بەتایبەتی کوردستان24، گرنگیی زیاتر بە پەیامی ئافرەتان بدات، تاوەکو ئافرەت بتوانێت خۆی لە بەرنامەکاندا ببینێتەوە و ئامانجەکانی بناسێتەوە."
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بە بەرنامەی تایبەت بە گەنجان کرد و گوتی: "ئەم کەناڵە بەرنامەیەکی زۆر باشی تایبەت بە گەنجانی هەیە. هیوادارم لە داهاتوودا زیاتر خزمەت بە خێزان بکات و بەها جوان و کولتوورییە کوردەوارییەکان زیاتر زەق بکاتەوە."
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە 31ی تشرینی یەکەمی 2015 دەستی بە پەخشی فەرمی کرد. ئەم دامەزراوەیە کە بنکەی سەرەکی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، وەک ناوەندێکی میدیایی هەمەجۆر کاردەکات و ئامانجی گۆڕینی دیمەنی میدیاییە لە کوردستاندا.
کوردستان24 وەک "دامەزراوەیەکی نیشتمانیی میدیایی" خۆی دەناسێنێت و جەخت لەسەر "بێلایەنی، خێرایی و ڕاستگۆیی" لە کارەکانیدا دەکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەکە گەشەپێدانی ڕوخساری میدیاییە لە کوردستان و بوون بە ڕێنیشاندەر بۆ جیهانێکی نوێی کاری میدیایی لە ناوچەکەدا. هەروەها، کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری لێبووردەیی، پێکەوەژیان، ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری.
کوردستان24 بە چەندین زمان بەرنامە و هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە، لەوانە کوردی (سۆرانی و کرمانجی)، ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی و فارسی. ئەمەش لە ڕێگەی چەندین پلاتفۆرمی جیاوازەوە ئەنجام دەدات. هەروەها، پەخشی 24 کاتژمێری هەیە و ڕووداوەکانی کوردستان و جیهان لە ڕێگەی (ڕادیۆ، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و ئەپی مۆبایل) ڕووماڵ دەکات.
کوردستان 24 بە تۆڕێکی فراوانی پەیامنێران لە کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتیوانی دەکرێت بۆ گەیاندنی زانیاری ورد و خێرا بە بینەران و خوێنەرانی.
