مەلا عەبدوڵڵا وەیسی: کوردستان24 بووەتە سەرچاوەی ڕاستیی و دروستی هەواڵەکان
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەبۆنەی 10 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان24 پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی بەڕێوبەەر و ستافی کەناڵەکە کرد.
د. مەلا عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، پیرۆزبایی یادی 10 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان24، لە بەرێوەبەر و ستافی کەناڵەکە دەکەم.
گوتیشی: کوردستان24 لە ماوەی ڕابردوو توانییویەتی ئەوە سەلمێنێت کە کەناڵی هەموو هاووڵاتیانە، هەروەها بووەتە سەرچاوەی ڕاستی و دروستی هەواڵ و ڕووداوەکان و لە هەموو ماڵێک پێگەی خۆی کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەبواری ئایینی توانیویەتی بایەخ بە پەیامی میانڕەوی، برایەتی، پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن بدات، بۆیە بە شانازییەوە دەڵێین کوردستان24 کەناڵی هەموو تاکێکی کوردە بۆ گەیشتن بەو ڕاستییانەی کە دەیانەوێت.
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە 31ی تشرینی یەکەمی 2015 دەستی بە پەخشی فەرمی کرد. ئەم دامەزراوەیە کە بنکەی سەرەکی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، وەک ناوەندێکی میدیایی هەمەجۆر کاردەکات و ئامانجی گۆڕینی دیمەنی میدیاییە لە کوردستاندا.
کوردستان24 وەک "دامەزراوەیەکی نیشتمانیی میدیایی" خۆی دەناسێنێت و جەخت لەسەر "بێلایەنی، خێرایی و ڕاستگۆیی" لە کارەکانیدا دەکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەکە گەشەپێدانی ڕوخساری میدیاییە لە کوردستان و بوون بە ڕێنیشاندەر بۆ جیهانێکی نوێی کاری میدیایی لە ناوچەکەدا. هەروەها، کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری لێبووردەیی، پێکەوەژیان، ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری.
کوردستان24 بە چەندین زمان بەرنامە و هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە، لەوانە کوردی (سۆرانی و کرمانجی)، ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی و فارسی. ئەمەش لە ڕێگەی چەندین پلاتفۆرمی جیاوازەوە ئەنجام دەدات. هەروەها، پەخشی 24 کاتژمێری هەیە و ڕووداوەکانی کوردستان و جیهان لە ڕێگەی (ڕادیۆ، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و ئەپی مۆبایل) ڕووماڵ دەکات.
کوردستان 24 بە تۆڕێکی فراوانی پەیامنێران لە کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتیوانی دەکرێت بۆ گەیاندنی زانیاری ورد و خێرا بە بینەران و خوێنەرانی.
