دیندار زێباری: کوردستان 24 وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە کاری میدیاییدا

ئەمڕۆ شەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2025، دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەبۆنەی 10یەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی کوردستان 24، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی بەڕێزی کەناڵەکە دەکەم.

کەناڵی کوردستان 24 وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی کارکردنیدا خوێنەران و بینەرانی کوردی بە سەدان کار و بابەتی ڕۆژنامەوانیی نوێ ئاشنا کرد.

دووبارە هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ کوردستان 24 دەخوازم و چاوەڕێی کاری زیاتر دەکەین لە وەرزی نوێی کەناڵەکەدا، بۆ خزمەتکردنی زیاتری کورد و کوردستان.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە 31ی تشرینی یەکەمی 2015 دەستی بە پەخشی فەرمی کرد. ئەم دامەزراوەیە کە بنکەی سەرەکی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، وەک ناوەندێکی میدیایی هەمەجۆر کاردەکات و ئامانجی گۆڕینی دیمەنی میدیاییە لە کوردستاندا.

کوردستان24 وەک "دامەزراوەیەکی نیشتمانیی میدیایی" خۆی دەناسێنێت و جەخت لەسەر "بێلایەنی، خێرایی و ڕاستگۆیی" لە کارەکانیدا دەکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەکە گەشەپێدانی ڕوخساری میدیاییە لە کوردستان و بوون بە ڕێنیشاندەر بۆ جیهانێکی نوێی کاری میدیایی لە ناوچەکەدا. هەروەها، کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری لێبووردەیی، پێکەوەژیان، ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری.

کوردستان24 بە چەندین زمان بەرنامە و هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە، لەوانە کوردی (سۆرانی و کرمانجی)، ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی و فارسی. ئەمەش لە ڕێگەی چەندین پلاتفۆرمی جیاوازەوە ئەنجام دەدات. هەروەها، پەخشی 24 کاتژمێری هەیە و ڕووداوەکانی کوردستان و جیهان لە ڕێگەی (ڕادیۆ، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و ئەپی مۆبایل) ڕووماڵ دەکات.

کوردستان 24 بە تۆڕێکی فراوانی پەیامنێران لە کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتیوانی دەکرێت بۆ گەیاندنی زانیاری ورد و خێرا بە بینەران و خوێنەرانی.

 
 
Fly Erbil Advertisment