پشتیوان سادق: کوردستان24 وەک تەلەڤزیۆنی دەوڵەت مامەڵەی کردووە

پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، ستایشی ڕۆڵی دەزگاکەی کرد و ڕایگەیاند، کوردستان24 وەک تەلەڤزیۆنی دەوڵەت مامەڵەی کردووە و بەرژەوەندیی کوردستانی لە پێش هەموو شتێک داناوە.

پشتیوان سادق پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی سەرجەم کارمەندانی کوردستان24 کرد و ئاماژەی بەوەدا، دەزگاکە لە قۆناغێکی هەستیاردا دامەزراوە و توانیویەتی کارێکی گەورە ئەنجام بدات.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی گوتی "هیوادارم بەردەوام بن لە گواستنەوەی ڕاستییەکان. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین، ئینشەڵڵا دەبنە نوێنەری گواستنەوە و نیشاندانی ڕاستییەکان بە خەڵک."

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە 31ی تشرینی یەکەمی 2015 دەستی بە پەخشی فەرمی کرد. ئەم دامەزراوەیە کە بنکەی سەرەکی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، وەک ناوەندێکی میدیایی هەمەجۆر کاردەکات و ئامانجی گۆڕینی دیمەنی میدیاییە لە کوردستاندا.

کوردستان24 وەک "دامەزراوەیەکی نیشتمانیی میدیایی" خۆی دەناسێنێت و جەخت لەسەر "بێلایەنی، خێرایی و ڕاستگۆیی" لە کارەکانیدا دەکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەکە گەشەپێدانی ڕوخساری میدیاییە لە کوردستان و بوون بە ڕێنیشاندەر بۆ جیهانێکی نوێی کاری میدیایی لە ناوچەکەدا. هەروەها، کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری لێبووردەیی، پێکەوەژیان، ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری.

کوردستان24 بە چەندین زمان بەرنامە و هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە، لەوانە کوردی (سۆرانی و کرمانجی)، ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی و فارسی. ئەمەش لە ڕێگەی چەندین پلاتفۆرمی جیاوازەوە ئەنجام دەدات. هەروەها، پەخشی 24 کاتژمێری هەیە و ڕووداوەکانی کوردستان و جیهان لە ڕێگەی (ڕادیۆ، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و ئەپی مۆبایل) ڕووماڵ دەکات.

کوردستان 24 بە تۆڕێکی فراوانی پەیامنێران لە کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتیوانی دەکرێت بۆ گەیاندنی زانیاری ورد و خێرا بە بینەران و خوێنەرانی.

 
Fly Erbil Advertisment