ترەمپ هەڕەشە لە نایجیریا دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی دژ بە نایجیریا کرد، بەهۆی ئەو تۆمەتانەی کە گوایە "مەسیحییەکان دەکوژرێن".
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ترەمپ داوای لە وەزارەتی جەنگی کردووە ئامادەکاری بکات بۆ ئەگەری دەستوەردانی سەربازی لە نایجیریا، ئەگەر حکوومەتی ئەو وڵاتە "بەردەوام بێت" لە "ڕێگەدان بە کوشتنی مەسیحییەکان".
سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "Truth Social" نووسیویەتی؛ حکوومەتی ئەمەریکا دەستبەجێ هەموو یارمەتی و هاوکارییەکانی بۆ نایجیریا ڕادەگرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە ڕەنگە ئەمەریکا "بە هێزێکی تەواوەوە بچێتە ناو ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەو تیرۆریستانە لەناو ببات کە ئەم دڕندەییە ترسناکانە ئەنجام دەدەن".
ڕۆژی هەینی، ترەمپ نایجیریای خستە لیستی "ئەو وڵاتان کە نیگەرانی دەهێنن" (CPC) سەبارەت بە ئازادی ئایینی، بەهۆی "هەڕەشەی وجودی" بۆ سەر مەسیحییەکانی ئەو وڵاتە. ئەم بڕیارە دوای چەندان مانگ لە فشاری ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا هات، کە پێیان وایە مەسیحییەکان لە نایجیریا، پڕ دانیشتووترین وڵاتی ئەفریقا، ڕووبەڕووی "جینۆساید" دەبنەوە. دەسەڵاتدارانی ئەبوجا ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە.
نایجیریا ڕووبەڕووی چەندان کێشەی ئەمنی بۆتەوە، لەوانە: لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، گروپی چەکداری بۆکۆحەرام و باڵەکەی، ویلایەتی ئیسلامی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا (ISWAP)، هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا لاواز بوون، بەڵام هێشتا چالاکن. بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشەکانیان لە ساڵی 2009وە زیاتر لە 40 هەزار کوژراو و دوو ملیۆن ئاوارەی لێکەوتۆتەوە. هەروەها لە ناوەڕاستی وڵاتدا، پێکدادان بەردەوامە لە نێوان شوانەکان کە زۆربەیان موسڵمانن و جووتیاران کە زۆربەیان مەسیحین ڕوودەدات. ئەم پێکدادانانە زۆرجار وەک کێشەی ئایینی وێنا دەکرێن، بەڵام هۆکارە سەرەکییەکەیان کێبڕکێیە لەسەر زەوی و سامانە سروشتییەکان.
هەروەها لە باکووری ڕۆژئاوا، باندە چەکدارەکان گوندەکان تیرۆر دەکەن، خەڵک دەکوژن و دەڕفێنن بۆ وەرگرتنی فیدیە، هەروەها ماڵەکان دەسوتێنن.
