برنجی ئەمساڵی ئاکرێ "دەرەجە یەکە" و هەناردەی ئەمەریکا دەکرێت

لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنەی برنج لە سنووری قەزای ئاکرێ، بازاڕی ئەم بەرهەمە خۆماڵییە گەرمییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و خواست لەسەری لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیشدا ڕووی لە زیادبوون کردووە. جووتیاران و بازرگانانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن، کوالێتی بەرزی برنجی ئەمساڵ هۆکاری سەرەکیی ئەم پێشوازییەیە.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ، ئەمساڵ نزیکەی 8 هەزار دۆنم زەوی بە برنج چاندراوە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمەکەی بگاتە سەرووی 10 هەزار تۆن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی کەمئاوییەوە ڕووبەری چاندنی برنج کەمتر بوو.

رەزوان ڕەمەزان، کە خاوەنی کارگەیەکی سپیکردنەوەی برنجە، دەڵێت: "ماوەی 20 ڕۆژە جووتیاران بەرهەمەکانیان دەهێنن و ئێمەش سپی دەکەینەوە. برنجی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر باشتر و بەتامترە و کوالێتییەکەی بەرزترە."

ئەم زیادبوونەی خواست تەنها لە بازاڕەکانی ناوخۆدا نییە، بەڵکو بازرگانان ئاشکرای دەکەن کە داواکاری لە وڵاتانی دەرەوەش بۆ کڕینی برنجی ئاکرێ زیادیکردووە. ئیبراهیم غەفوور، یەکێک لە بازرگانەکان، دەڵێت: "برنجی ئاکرێ یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی برنج و ئێستا نەک هەر لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک، بەڵکو تا بەغداش دەڕوات. تەنانەت داواکاری لە ئەمریکاشەوە هەبووە و بۆ دەرەوەی وڵاتیشمان ناردووە."

مستەفا محەممەد، جووتیارێکی ناوچەکەیە و باس لەوە دەکات کە بازاڕی برنجی ئەمساڵ زۆر باشترە لە ساڵی پار. ئەو دەڵێت: "ساڵی پار نرخی برنجی 6 مانگی لە نێوان 47 بۆ 48 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ نرخەکەی لە دەوروبەری 50 بۆ 55 هەزار دینارە." جیاوازی نرخەکان بەپێی جۆری برنجەکە دەگۆڕێت و لە نێوان 2,500 دینار تا 6,000 دیناری عێراقیدایە بۆ هەر کیلۆیەک.

برنجی دەڤەری ئاکرێ بەهۆی ڕەنگ و تام و بۆنە خۆشەکەیەوە ناوبانگێکی تایبەتی هەیە و جیاوازە لە جۆرەکانی دیکەی برنج لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا. ئەم تایبەتمەندییانە وایکردووە کە ساڵانە خواستێکی زۆری لەسەر بێت و ببێتە یەکێک لە بەرهەمە ستراتیژییەکانی ناوچەکە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment