مەسرور بارزانی: پرۆژەی ڕووناکی بە خەون دەزاندرا
مەسرور بارزانی دەڵێت: پرۆژەی ڕووناکیی بە خەون دەزاندرا، بەڵام بە هەوڵ و خۆڕاگریی و دڵسۆزیی جێبەجێکرا.
سێشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی جەماوەری پارتی بۆ پشتیوانی کردن لە لیستی 275 لە دهۆک گوتی: یەک لەو پرۆژانەی بە خەون دەزاندرا، پرۆژەی ڕووناکی بوو، بەڵام بە ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و خۆڕاگریی پارتی، ماندووبوون و پشوودرێژی و پشتیوانی ئێوە، بە زەحمەت و ماندووبوونی گەنجی پارتی، پرۆژەی ڕووناکی بووە ڕاستی، ئەمڕۆ شاری دهۆک و چەند شاری دیکەی کوردستان، خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرین، بە پشتیوانی خوای گەورە ساڵی داهاتوو هەموو کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
مەسرور بارزانی گوتی: پرۆژەی ئاو دروستکرا لەگەڵ چەندین بەنداو، بەردەوام دەبین لەسەر دروستکردنی بەنداوەکان و نەهێشتنی قەیرانی ئاو لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان.
دەشڵێت: کەرتی پیشەسازیی لەلای ئێمە زۆر گرنگە، پەرەی زیاتری پێ دەدەین، لە بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایە، گرنگیی زیاتر بە کەرتی پیشەسازیی بدات، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی کار بۆ خەڵکی کوردستان و بەتایبەت بۆ گەنجان.
