دادگای بەرایی کەندێناوە کرایەوە
دادگای بەرایی کەندێناوە لە ناحیەی دیبەگە کرایەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت: دانیشتووانی ناحیەکانی دیکەی سنووری قەزای مەخموور کە هەردوو ناحیەی قەراج و گوێڕ دەگرێتەوە، دەتوانن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان سەردانی ئەم دادگایە بکەن.
سێشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2025، بەیار حەسەن نەجاڕ، بەڕێوەبەری ناحیەی دیبەگە، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دادگای بەرایی کەندێناوە ئەمڕۆ کرایەوە و دەکەوێتە ناحیەی دیبەگە و گشت کاروبارە یاساییەکان لە خۆ دەگرێت، بۆیە چیدیکە دانیشتووانی ناحیەکە بۆ چارەکردنی کێشەکانیان پێویست ناکات ڕوو لە دادگاکانی مەخموور و هەولێر بکەن.
هاوکات ڕایگەیاند، دادگاکە گشت مامەڵەیەکی مەدەنی و تاوان لەخۆ دەگرێت، دادوەری لێکۆڵینەوەشی تێدا دەست بەکارە، سبەی چوارشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2025ـەوە لە داگاکە دەست بەکار دەکرێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی دیبەگە گوتیشی: جگە لە دانیشتووانی ناحیەی دیبەگە، دانیشتووانی ناحیەکانی دیکەی سنووری قەزای مەخموور کە هەردوو ناحیەی قەراج و گوێڕ دەگرێتەوە، دەتوانن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان سەردانی دادگاکە بکەن.
پارێزگای هەولێریش لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا سوپاسی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ دامەزراندنی ئەم دادگایە و بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ نزیک کردنەوەی پەیوەندی نێوان هاووڵاتییان ودامەزراوە یاساسییەکان و خێراتر چارەکردنی گرفتەکانی هاووڵاتییانی ناحیەکەی لە قەڵەمدا.
