تۆم باراک: مۆڵەتی مانگێکی بە حزبوڵڵای لوبنانی داوە چەک دابنێن
نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا دەڵێت: حکوومەتی لوبنان یەک مانگ مۆڵەتی هەیە تاوەکوو چەک لە دەستی حزبوڵڵا دەربهێنێت، بە پێچەوانەوە ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا ئامادەیە هێرش بکاتە سەر باشووری لوبنان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، میدیا ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبونەوەیەکی تایبەتی لە گەڵ فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی ئەنجامداوە و هۆشداریی پێدوان کە حزبوڵڵای لوبنانی خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەوەی هێڕش بکەنە سەر ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشکردووە، چەکی نوێ و مووشەکی کورت مەودایان لە لایەن سوپای سووریاوە پێدراوە، هاوکات باڵەخانەکانی ئەو ناوچەیە پڕ کراون لە ئەندامانی حزبوڵڵا.
کەناڵ 13ـی ئیسرائیل، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، کە سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ هێرشکردنە سەر باشووری لوبنان، ئەمەش وەکو فشارێکە بۆ سەر حکوومەتی لوبنان تاوەکو چەک لە دەستی حزبوڵڵا دەربهێنێت.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا، هەلێکی دیکەی داوە بە لوبنان، تاوەکوو لە ماوەی مانگێکدا، واتە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم، ئەگەر حکوومەتی لوبنان و حزبوڵڵا هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل کۆتایی پێنەهێنن، ئەوکات بە هاوکاری ئەمەریکا، ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر لوبنان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆم باراک داوای لە ئیسرائیل کردووە، تاوەکو تەواوبوونی ماوەی دیاریکراو هێرشەکانی ڕابگرێت.
پێشووتر، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیاندبوو، دووبارە خۆ ڕێکخستنەوەی حزبوڵڵای لوبنان، مەترسی لە سەر ئاسایشی ئیسرائیل و داهاتووی لوبنان دروست دەکات، بۆیە نابێت حکوومەتی لوبنان ڕێگە بدات جارێکی دیکە تیرۆریستان لەو وڵاتە گەشە بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی ناوچەکە پارێزراو بێت.
بە گوێرەی زانیاری میدیاکانی ئیسرائیل، حزبوڵڵای لوبنان، خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەیە، دەیەوێت دوای بە هێزبوون و پڕ چەک بوونی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
