ساسان عەونی: ئەم ناوچەیە لە شوێنی فڕێدانی خاشاکەوە دەگۆڕێت بۆ شوێنێکی پێشکەوتووی گەشتیاری

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی "ڕێڕەوی ژیان"ی لە شاری هەولێر دادەنێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی ڕێڕۆی ژیان گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: دووهەفتە پێش ئێستا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت لەکاتی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەر بەو شەقامەدا گەڕایەوە، دیمەنی ئەم شوێنەی بینی کە ڕێڕەوی لافاو و ئاوی قورس و فڕێدانی خاشاک و پاشماوە بوو، سەرۆک وەزیران فەرمانی کرد دەبێت کار لەسەر گۆڕینی ئەم شوێنە بکرێت بەپێی پلانێک و قۆناغ بە قۆناغ.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم شوێنەی ئێستا تێیدا ئامادەین، پشتێنێکە لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر بۆ پاراستنی لە لافاو دروستکرابوو. بەڵام دوای فراوانبوونی شار، ئێستا بووەتە بەشێک لە زۆنێکی قەرەباڵغی پایتەخت و زۆر گەڕەکی تازە لە هەردوو بەری دروست کراوە.

ساسان عەونی ڕاشیگەیاند، پرۆژەکەی ئەمڕۆمان کە ناوی 'ڕێڕەوی ژیان'ـە، بە درێژایی یەک کیلۆمەتر وەک قۆناغی یەکەم جێبەجێ دەکرێت، بۆ گۆڕینی سروشت و باری ئێستای کە بارێکی ناشیاوە، بەپێی پلان و دیزاینێک بۆ شوێنێکی ئارام و پڕ دار و درەخت و سەوزایی، و دروستکردنی هەلی کاری تازە. لە ئایندەشدا بە قۆناغبەندی کار لەسەر تەواوی درێژایی ئەم کەناڵە دەکرێت کە درێژاییەکەی نزیکەی 25 کیلۆمەترە و لە گەڕەکی هەولێری نوێوە دەست پێدەکات تا کو ڕێگەی کەرکووک.

گوتیشی: پڕۆژەکە ئەم پێکهاتانە لەخۆدەگرێت، چاککردنی کەناڵ و ڕووپۆشکردنی بە کۆنکرێت بە شێوەیەکی ئەندازیارانە، دروستکردنی شۆڵدەری تەنیشت کەناڵ و ئامادەکردنی و ڕێکخستنەوەی، دروستکردنی چەندین دیواری پاڵپشت و پاڵپشت بە کۆنکرێت و دروستکردنی ڕووبەری تازە، دارچاندن و سەوزکردنی ڕووبەری فراوان، دروستکردنی ڕێڕەوی وەرزشکردن و پاسکیل و شوێنی وەرزشکردنی کراوە، دانانی شوێن و ڕووبەری گونجاو بۆ دروستکردنی کافێ و ڕێستۆرانت و شوێنی پشوو و کات بەسەربردنی هاووڵاتیان، دانانی ستوونەکانی کارەبا و ڕووناکی بۆ ناوچەکە. هەروەها تێچووی دارایی کارەکانی ئەم پڕۆژەیە لە لایەن نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت دابین کراوە و ڕاستەوخۆ لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەکرێت.

 

 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment