وەزیری پلاندانان: بەغدا ڕێککەوتنی سەرژمێریی پێشێل کرد
دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەو ڕێککەوتنەی پێشێل کردووە کە بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی سەرژمێری کرابوو، جەختیش دەکاتەوە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە دانیشتووانی عێراقدا 12.67% نییە، بەڵکوو 14.1%ـە و بە ناوچە کوردستانییەکانیشەوە دەگاتە سەرووی 15%.
چوارشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، دارا ڕەشید، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: سەرەڕای سەرکەوتنی پرۆسەی سەرژمێری، بەڵام بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان هەر دوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ و وەزارەتەکانی پلاندانان کرابوو، بڕیار بوو ئەنجامی کۆتایی ڕانەگەیەندێت تاوەکوو وردبینی و بەراوردکاریی تۆمارەکان لەگەڵ سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێت، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، بەڵام بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنە هەنگاوی نا.
لەبارەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانەوە، وەزیری پلاندانان ئاشکرای کرد: ئەوەی باس دەکرا کە گوایە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم 12.67%ـە ڕاست نییە، بەپێی داتا نوێیەکان ڕێژەکە 14.1%ـە. ئەگەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشی بۆ زیاد بکرێت، کە ئێستا لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمن، ڕێژەکە لە 15% تێدەپەڕێت.
دارا ڕەشید هیواخوازە ئەم ئامارانە بکرێنە بنەمای یاسایی و سیاسی بۆ قۆناغی داهاتوو و گوتی: دەبێت ئەم ژمارانە لە کابینەی داهاتوو، لە دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان و لە دیاریکردنی پشکی بودجە کاری پێ بکرێت، تاوەکوو کۆتایی بەو ستەمە بهێنرێت کە بە بڕیاری سیاسی پشکی هەرێمی کوردستانی لە 12.67% قەتیس کردبوو، و مافە داراییەکان و مووچە و دامەزراندن بەپێی ئیستیحقاقی نوێ (سەرووی 14%) دابین بکرێت.
پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، دارا ڕەشید، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی خستەڕوو و ڕایگەیاندبوو، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ڕابردوو بەرزبووەتەوە.
دارا ڕەشید ئاشکرای کردبوو، لە کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق کە 46 ملیۆن و 118 هەزار کەسن، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 519 هەزار و 129 هاووڵاتی.
